
هەشت مامۆستا لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای رەتکردنەوەی سکاڵاکەیان لە دیوانی دادپەروەریی ئیداری، لە کارەکەیان دەرکران؛ ئەو مامۆستایانە زۆرینەیان خاوەنی بڕوانامەی ماستەرن و زیاتر لە دوو دەیە مێژووی وانەوتنەوەیان هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەفتەنامەی ناوخۆیی «سیروان»، سێ مامۆستا لە شاری سنە، چوار مامۆستا لە دیواندەرە و مامۆستایەک لە مەریوان، بە بڕیاری لیژنەی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییە ئیدارییەکانی فێرکاری و پەروەردە، پیشەی مامۆستاییان لێ سەندراوەتەوە و لە کارەکەیان دەركراون.
حەوت کەس لەم مامۆستایانە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرن و زۆرینەیان لە ئاستی ناوەندی وانەیان وتۆتەوە.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدایە کە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا، پارێزگاری سنە و نوێنەری خامنەیی لەم پارێزگایە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جێگری یاسایی سەرۆک کۆمار، داوایان کرد چارەسەری دۆسیەی ئەو مامۆستایانە بکرێت کە ڕووبەڕووی بڕیاری «دەركردنی یەكجاری» بوونەتەوە.
پارێزگاری سنە وتبووی کە خۆی بە شێوەیەکی کەسی لە ڕێگەی وەزیری پەروەردەوە بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی مامۆستاکان کردووە.
نوێنەری عەلی خامنەئییش داوای گەڕانەوەی ئەم مامۆستایانەی بۆ سەر کارەکەیان کردبوو. جێگری یاسایی سەرۆک کۆماریش بەڵێنی بەدواداچوونی یاسایی ئەم دۆسیانەی دابوو.
سەرەڕای ئەم بەڵێنانە، ئەنجامی کۆتایی لە دیوانی دادپەروەریی ئیداری بە زیانی مامۆستا ناڕازییەکان کۆتایی هاتووە و بڕیاری دەركردنیان پشتراست کراوەتەوە.
ناوی مامۆستایانی دەرکراو
– مەجید کەریمی (سنە) – ماستەری زانستە سیاسییەکان، ٢٣ ساڵ پێشینەی فەرمی و ٢٥ ساڵ مێژووی وانەوتنەوە
– غیاس نەعمەتی (سنە) – ماستەری دەروونناسی کلینیکی، ١٨ ساڵ پێشینە
– جیهانگیر بەهمەنی (سنە) – ماستەری فیزیا، ٢٣ ساڵ پێشینە
– ئومێد شامحەممەدی (دیواندەرە) – ماستەری زیندەناسی، ٢٦ ساڵ پێشینە
– پەرویز ئەحسەنی (دیواندەرە) – ماستەری زەویناسی، ٢١ ساڵ پێشینە
– کاوه محەممەدزادە (دیواندەرە) – خوێندکاری ماستەری کۆمەڵناسی، ٢٢ ساڵ پێشینە
– هیوا قوڕەیشی (دیواندەرە) – ماستەری ئەدەبیات، ٢٦ ساڵ پێشینە
– سومەیە ئەختەرشۆمار (مەریوان) – بەکالۆریۆسی زمانی ئینگلیزی، ١٨ ساڵ پێشینە
بە گوتەی مەجید کەریمی، دوو کەس لەم مامۆستایانە جگە لە دەركردنی یەکجاری لە پیشەی مامۆستایەتی، بە دوورخستنەوەی هەمیشەیی لە هەموو کارە حکومییەکانیش سزادراون.
بڕیارە یەکلاکراوەکانی تر
لەگەڵ دەرکردنی ئەم مامۆستایانە، بۆ ژمارەیەک مامۆستای دیکەش بڕیاری جیاوازی سزادان دەرچووە:
دوورخستنەوەی کاتی لە خزمەت (٦ مانگ بۆ یەك ساڵ):
– شەهرام کەریمی (سەقز) – کاردانی هونەرە جوانکارییەکان و بەکالۆریۆسی زمانی ئینگلیزی، ١٨ ساڵ پێشینە
– لوقمانوڵڵا مورادی (سەقز) – ماستەری زانستە سیاسییەکان، ٢٦ ساڵ پێشینە
– سەلاح حاجی میرزایی (سنە) – ماستەری مێژوو، ٢٧ ساڵ پێشینە (کە بەم زوانە گەڕاوەتەوە سەر کار)
ناچارکردن بە خانەنشینی پێشوەختە لەگەڵ دابەزینی پلە:
– نەسرین کەریمی (سنە) – ماستەری لێکۆڵینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، ٢٦ ساڵ پێشینە، دابەزینی دوو پلە
– لەیلا زارعی (سنە) – ٣٢ ساڵ پێشینە، دابەزینی یەك پلە
– سولەیمان عەبدی (سەقز) – بەکالۆریۆسی مەکانیک، ٣٠ ساڵ پێشینە، دابەزینی دوو پلە
دوورخستنەوە بۆ پارێزگایەکی تر:
– فیسەڵ نووری (سنە) – ماستەری بیرکاری، دوورخستنەوە بۆ پارێزگای کرماشان
بێبەشکردن لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتی:
– محیەدین ڕیحانی (سنە) – ماستەری فەلسەفەی پەروەردە و فێرکردن، بێبەشکردن پێنج ساڵە لە پۆستی جێگر و بەڕێوەبەرایەتی
دۆسیەی ئەم مامۆستایانە لە چەند مانگی ڕابردوودا یەکێک لە بابەتە مشتومڕ هەڵگرەکانی بواری پەروەردە و فێرکاری لە پارێزگای سنە بووە و کاردانەوەی بەرفراوانی لە نێو چالاکوانانی پیشەیی و فێرکاریدا لێ کەوتۆتەوە.
