
سەرچاوە ئاگادارەکان بە ماڵپەڕی هەواڵی “ئەلمونیتۆر”یان گوتووە کە دیدارەی ئەم دواییەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، لەگەڵ تام باراک، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ کارووباری سوریا، ئەرێنی بووە.
ئەم دیدارە کە لە شاری ئەممان لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەچووە، دگوترێ روانگەکانی هەردوولای لە یەکتر نزیکتر کردۆتەوە. بە گوتەی ئەم سەرچاوانە، پاریس لەوانەیە بە زوویی میوانداری کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بکات کە سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆنیش، بەشداری تێدا دەکات.
ئەم دیدارەی عەبدی و باراک کە تەنیا دە رۆژ دوای کۆبوونەوەی پێشوویان لە دیمەشق بەڕێوەچووە، بە بڕوای شارەزایان، جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ دیدارە ساردوسڕەکەی پێشوو هەبووە. یەکێک لە سەرچاوەکان جەختی کردۆتەوە کە “باراک ئەمجارە زۆر دۆستانەتر هەڵسووکەوتی کردووە و بەستەڵەکی پێوەندییەکەیان شکاوە و دیدارەکە گەرموگوڕ بووە.” هەندێک سەرچاوە هەروەها باسیان لە رۆڵی سەرەکی فەرەنسا لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی هەردوولادا کردووە.
پێشهاتەکانی سوەیدا؛ دەرفەتێکی تازە بۆ هەسەدە
بە گوتەی شارەزایان، پێکدادانەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا، سەرەڕای توندوتیژی بەرفراوان، تا ئاستێک دەرفەتێکی سیاسی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک رەخساندووە تا لە دانووستانەکانیان لەگەڵ حکوومەتی کاتی سوریەدا پێگەی خۆیان بەهێزتر بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە پشتگیری دیپلۆماتیکی ئەمریکا و فەرەنسا لە هەسەدە روو لە زیادبوونە.
تام باراک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی “ئەسۆشیەیتد پرێس” جەختی کردۆتەوە کە نائارامییەکانی سوەیدا رێگر نەبوون لە بەردەوامبوونی دانووستانەکان لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی کاتی سووریادا. هەروەها ئەو راپۆرتانەی کە باس لە دانی دوادەرفەت بە کوردەکان لە لایەن واشنتۆنەوە دەکات، رەت کردۆتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئەلمونیتۆری وتووە کە باراک لەم دیدارەدا بە مەزڵووم عەبدی گوتووە: «ئێوە بۆ ئێمە هاوبەشێکی گەورە بوون.»
پەیامی باراک: تۆڵەسەندنەوە چارەسەر نییە
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا رەخنەی لە رۆڵی حکوومەتی کاتی سووریا لە توندوتیژییەکانی سوەیدادا گرتووە و داوای لێپرسینەوەی لە هەموو لایەنەکان کردووە و گوتوویەتی: «تۆڵەسەندنەوە و کوشتن لە لایەن هەردوو لاوەوە ناپەسەندەیە.»
یەکێک لە شیکەرەوەکانی ئەلمونیتۆر لە کۆتاییدا ئاماژەی بە بێتوانایی حکوومەتی کاتی سووریا لە کۆنتڕۆڵکردنی پێشهاتەکانی سوەیدادا کردووە و گوتوویەتی: «کاتێک حکوومەت ناتوانێت سوەیدا کۆنتڕۆڵ بکات، چۆن دەتوانێت بەسەر ئەو ناوچانەی باکووری رۆژهەڵات کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە پۆشتەوپەرداختە و راهێنراوەکانی هەسەدەدایە، زاڵ بێت؟ ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە سەپاندنی ناوەندگەرایی بە زۆر جێبەجێ نابێت و هیچ چارەیەک جگە لە سازان و دانوستان نییە.»
