خەونی ترەمپ بۆ دووبارە گرتنەوەی بنکەی سەربازی “بەگرام” و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی

بەگرام وەک بنکەیەک ناوی لێ دەبرێت کە ئەمریکییەکان بە چەک‌وچۆڵێکی زۆرەوە پێشکەشی تاڵیبانیان کرد. پرۆسەی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپ دەستی پێکرد و لە سەردەمی بایدن‌دا جێبەجێ کرا. کەچی ئێستا ترەمپ لە خەیاڵی دووبارە دەستکەوتنەوەی بەگرامدایە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە پێداگری لە پێویستی دووبارە گرتنەوەی بنکەی بەگرام لە ئەفغانستان و گرنگیی ستراتیژی ئەو کردەوە و وتی: «یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە تەنیا یەک کاتژمێر لەو شوێنەی کە چین تێیدا چەکی ئەتۆمی بەرهەم دەهێنێت، دوورە.»

سەرچاوەکانی ئێستا و پێشووی حکومەتی ئەمریکا هۆشداری دەدەن کە ئەم کارە لە ئێستادا بە ئەمریکا جێبەجێ ناکرێت. بە وتەی ئەم سەرچاوانە، دووبارە گرتنەوەی بەگرام بەبێ ناردنی زیاتر لە ١٠ هەزار هێزی ئەمریکی، دروستکردنی سیستەمی بەرگری پێشکەوتوو و نۆژەنکردنەوەی بەرفراوانی بنکەکە، ئاستەمە جێبەجێ بێت.

ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کی‌یەر ستارمەر، رایگەیاند کە بنکەی بەگرام «لە رووی ستراتیژییەوە لە چین نزیک »ە و وتی: «ئێمە دەمانەوێت ئەو بنکەیە وەرگرینەوە.»

بەڵام، بەرپرسێکی ئاگاداری ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد کە « بە کردەوە هیچ پلانێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بنکەی سەربازی بەگرام لە ئارادا نییە و هەر هەوڵێک لەم بوارەدا پێویستی بە دەیان هەزار هێز، پشتیوانی لۆجستیکی قورس و تێچووی زۆر بۆ نوێژەنکردنەوەیە.» ئەم بەرپرسە راشیگەیاند کە تەنانەت لە حاڵەتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی بنکەکەش، پاکسازیی دەوروبەر و پاراستنی لە هێرشی مووشەکی و مەترسییەکانی دیکە کارێکی زۆر ئاڵۆز دەبێت.

ئاڵنگارییە کرداری و سیاسییەکانی بەردەم ئەم خەونە

شارەزایانی سەربازی و ئەمنی دەڵێن کە تەنانەت لە کاتی رازیبوونی تاڵیبان بۆ جێگیربوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەگرام، ئەم بنکەیە رووبەڕووی مەترسی جۆراوجۆر و جددی دەبێتەوە. ئەم مەترسییانە بریتین لە چالاکییەکانی لقی خۆراسانی داعش، ئامادەبوونی ئەندامانی قاعیدە لە ئەفغانستان و هەروەها مەترسی مووشەکی لە لایەن ئێرانەوە.

بەرپرسێکی پێشووی بەرگری ئەمریکا هەروەها وتی کە قازانجە ستراتیژییەکانی نزیکی بەگرام بە چینەوە کەمن و جەختی کردەوە کە: «تای تەرازووی مەترسییەکان ئەم کارە بە شێوەیەکی بەرچاو لە تای تەرازووی قازانجەکانی قورسترە.» ترەمپ لە قسەکانیدا بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ ئاماژەی بە «رازیکردنی تاڵیبان» کردووە، بەڵام شێوازی رێککەوتن لەگەڵ گرووپێک کە مێژوویەکی دوور و درێژی شەڕی لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئاشکرا نییە.

دانووستان لەگەڵ تاڵیبان سەبارەت بە دۆسیەی دیلەکان

هاوکات، بەرپرسانی ئەمریکی لە کابول سەبارەت بە دۆخی هاووڵاتیانی ئەمریکی لە ئەفغانستان دانووستانیان کردووە. ئادەم بۆهلەر، نوێنەری تایبەتی حکومەتی ترەمپ بۆ کاروباری دیلەکان، و زەلمی خەلیل‌زاد، نێردراوی پێشووی ئەمریکا، لەگەڵ ئەمیرخان مەتقی، وەزیری دەرەوەی تاڵیبان کۆبوونەتەوە. تاڵیبان بەم دواییانە رایگەیاند کە «رێککەوتنێک بۆ گۆڕینەوەی دەستگیرکراوان» کراوە؛ کردەوەیەک کە بە وتەی شارەزایان دەتوانێت تاقیکردنەوەیەک بێت بۆ هەر جۆرە پیوەندییەکی «نۆرماڵی» سنووردار. هەرچەند ئەم رێککەوتنە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە گەڕانەوەی سەربازانی ئەمریکا بۆ بەگرام نییە.

بەگرام؛ بنکەیەک بە دوو دەیە پێشینەوە

بنکەی بەگرام، گەورەترین ناوەندی سەربازی ئەمریکا لە ئەفغانستان پاش هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، دوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١، کەوتە دەست تاڵیبان. ترەمپ کە پرۆسەی چوونەوە دەرەوەی هێزەکانی لە پەیمانی ٢٠٢٠ لەگەڵ تاڵیبان داڕشت، ئێستا رەخنە لە سپاردنی بنکەکە بە تالیبان دەگرێت و دەڵێت: «ئێمە دەمانەوێت وەریبگرینەوە، چونکە ئەوان پێویستیان بە هەندێک شتی ئێمە هەیە»، بەبێ ئەوەی روونی بکاتەوە کە مەبەستی لەم «شتانە» چییە.

لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی ئەمریکی خەریکی لێکۆڵینەوە لە پرۆسەی چوونەوە دەرەوەی شپرزەی ساڵی ٢٠٢١ن؛ بڕیارێک کە بە وتەی هەندێک لە بەرپرسانی ئەو کات، کاریگەری لەسەر سەرنجی ئەمریکا لە پێشبڕکێ لەگەڵ چین هەبووە.

Live
Hide picture