
بە گوێرەی هەواڵنێری رۆیتەرز، مەحموود قوماتی، یەکێک لە بەرپرسانی حیزبوڵڵا دەڵێت کە پلانی ئەم دواییەی دەوڵەتی لوبنان بۆ ئەوەی سوپا دەست بەسەر چەکوچۆڵی وڵاتدا بگرێت “دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی بۆ ئاوز بگەڕێینەوە و پێش بەوە بگرین کە وڵات بەرەوە داهاتوویەکی نادیار” بڕوات.
کابینەی لوبنان رۆژی جومعە پێشوازی لە پلانی سوپا، کە چەکداماڵینی حیزبوڵڵاش لەخۆ دەگرێت، کرد و رایگەیاند کە سوپا دەست بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە دەکات، بەڵام مەودایەکی کاتی دیاریکراوی بۆ جێبەجێکردنی دیاری نەکرد. حکومەتی لوبنان هەروەها هۆشداریدا کە تواناییەکانی سوپا سنووردارە و هێرشەکانی ئیسرائیل دەتوانێت جێبەجێکردنی ئەم پلانە پەک بخات.
قوماتی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری رویتەرز رایگەیاند کە جێبەجێ کردنی ئەم پلانە گرێدراوی راوەستانی هێرشەکانی ئیسرائیل و پاشەکشەی ئەم وڵاتە لە باشووری لوبنانە. بە گوتەی ئەو، ئەگەر ئەمە روو نەدات، جێبەجێ کردنی ئەم پلانە دەبێت ” بۆ کاتێکی نادیار” دوابخرێت.
مانگی رابردوو، کابینەی لوبنان بەرپرسایەتی ئامادە کردنی ئەم پلانەی خستە ئەستۆی سوپا و هاوکات پلانی ئەمریکا بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵڵای لە بەرامبەر راوەستانی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، پەسەند کرد. حیزبوڵڵا هەردووک ئەم هەوڵانەی رەد کردۆتەوە و دەڵێت لە جیاتی ئەمانە دەوڵەت دەبێت پلانی بەرگری نەتەوەیی داڕێژێت.
ئیسرائیل رایگەیاندووە کە ئەگەر سوپای لوبنان حیزبوڵڵا لە چەک داماڵێ، هیزەکانی کە باشووری لوبنان کەم دەکاتەوە. سەرەڕای ئەم بەڵێنانە، هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامە و حەفتەی رابردوو لانیکەم ٤ کەس لە باشووری لوبنان کوژراون.
پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی پارەوە بووە بە پرسێکی سیاسی سەرەکی لە لوبنان. دەوڵەتی لوبنان سەبارەت بەم پرسە لە ژێر گوشاری ئەمریکا، سعوودیە و دژبەرانی ناوخۆیی حیزبوڵڵا دایە. حیزبوڵڵا دەڵێت تا کاتێک کە هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامە و بەشێک لە باشووری لوبنان داگیرکراوە، باسی چەکداماڵینی حزبۆڵڵا ” هەڵەیەکی گەورە”یە.
مانگی رابردوو، نەعیم قاسم، سکرتێری گشتی حیزبوڵڵا، وتی کە هەر چەشنە هەوڵێکی دەوڵەت بۆ چەکداماڵینی ئەم گرووپە لەوانەیە شەڕی ناوخۆیی و خۆپیشاندانی سەر شەقامی لێ بکەوێتەوە.
