
حوکمی لەسێدرارەدانی پێنج زیندانیی سیاسیی کورد کە لە چوارچێوەی ڕەشبگیرییەکانی سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، دەستبەسەر کراون، لە دادگای باڵای ڕژیمی ئێران هەڵوەشاوەتەوە. ئەو پێنج زیندانییە سیاسییە کە خەڵکی بۆکانن، ماوەیەک لەمەبەر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئورمییەوە، سەرجەم سزای ١١ جار لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەگوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لقی ٣٩ی دیوانی دیوانی باڵای ئێران (دادگای باڵا) حوکمی لەسێدارەدانی هەر یەک لە سۆران (عەلی) قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری و تەیفوور سەلیمی بابامیریی هەڵوەشاندۆتەوە و دۆسیەکانی ئەو گیراوە سیاسیانەی ڕەوانەی دادگای شۆڕشی مەهاباد، وەک دادگای هاوتەریب، کردووە.
دادگای ئینقلابی ئورمییە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ سزای ١١ جار لەسێدارەدانی بەسەر ئەو پێنج گیراوە سیاسییە کوردەدا سەپاندبوو.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤ گەیشتووە، ئێستا دۆسیەی ئەو گیراوانە لە دیوانی باڵای ئێرانەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕەوانەی بەردەم دادگای ئینقلابی مەهاباد وەک دادگای هاوتەریب کراوە. ئەم بڕیارە ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەر (٢٥ی ئۆکتۆبەر) بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە ڕاگەیەندراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای کەتن (کەیفەری)ی ئورمییە تۆمەتی «دابینکردنی پارە بۆ تیرۆریزم»ی لەسەر ئەم بەندکراوانە و چەند هاووڵاتییەکی دیکە کە پێشتر بە بارمتە ئازاد کرابوون، لابردووە و بڕیاری ئەستۆپاکیی بۆ دەر کردوون.
دەرکردنی ئەم سزایانە لە چەند مانگی ڕابردوودا شەپۆلێکی ناڕەزایی بەربڵاوی لێ کەوتبووەوە.
بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسیانە، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەکارهێنەر و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کردنەوەی کەمپەینی جۆراوجۆر لە بەرانبەر ئەم سزا و بڕیارانەدا ناڕەزاییان دەربڕیبوو و داوایان کردبوو هەرهەموویان دەستبەجێ هەڵبوەشێندرێنەوە.
هەروەها دۆسیەی کەتن (کەیفەری)ی بەشێک لەم هاووڵاتیانە دوای پێبژاردنی دیە و وەرگرتنی ڕەزامەندیی خاوەن خوێنەکان (بنەماڵەی کوژراوەکە) لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە.
لەو دۆسیەیەدا پژمان سوڵتانی بە تۆمەتی «بەشداریی سەرەکی لە کوشتنی بەئەنقەستدا» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری بە تۆمەتی «دەستووردان بۆ کوشتنی بەئەنقەست» سزای ١٥ ساڵ و عەلی (سۆران) قاسمییش بە تۆمەتی «هاوکاریکردن لە کوشتنی بەئەنقەستدا» سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپابوو.
پێبژاردنی دیە دوای دەست پێکردنی کەمپەینێکی جەماوەری بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی دارایی جێبەجێ کرا. لە ڕەوتی کەمپەینەکەدا هەژماری بانکیی چەند ئەندامێکی بنەماڵەی پژمان سوڵتانی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە داخرا، بەڵام دواتر بە فەرمانی دادگا بڕی پارەی کۆکراوە بۆ دیەی کوژراوەکە خەرج کرا و پاشماوەکەیشی خرایە سەر حسێبی «سندووقی پاڵپشتیکردن لە بەندکراوان»ـەوە.
لە پووشپەڕی ئەمساڵدا (جولایی ٢٠٢٥) لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئورمییە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە دوای بەڕێوەبردنی سێ دانیشتنی دادگا بە شێوەی ئۆنلاین، بە گشتی سزای ١٠ جار لەسێدارەدانی بۆ عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بەیگزادەی بابامیری دەر کرد.
ئەم هاووڵاتیانە ئێستا لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون. هەروەها تەیفوور سەلیمیی بابامیری کە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو، سزای یەک جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی بە تۆمەتی «بەغی» و «موحارەبە» هەر یەک سزای دوو جار لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا. هاوکات هەر لەم دۆسیەیەدا عەلی قاسمی بە تۆمەتی «پێکهێنان و سەرکردایەتیکردنی گرووپی تاوانکاری باغی» لەژێر ناوی «ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک»دا، سزایەکی لەسێدارەدانی دیکەی بەسەردا سەپا.
هەروەها ڕزگار بەیگزادەی بابامیری بە تۆمەتی «بەغی»، «پێکهێنان و سەرکردایەتیکردنی گرووپی تاوانکاری باغی» و «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای سێ جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. تەیفوور سەلیمیی بابامیرییش بە تۆمەتی «پێکهێنان و سەرکردایەتیکردنی گرووپی تاوانکاری باغی» لەژێر هەمان ناودا سزای یەک جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
ئەم پێنج زیندانییە سیاسییە جیا لە سزای لەسێدارەدان، بە هەندێ تۆمەتی وەک «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دژبەری ئیسراییلدا لە ڕێگای جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مووسادەوە لە بواری هەواڵگریدا»، «بەشداریکردن لە قاچاخی ١٢٠ ئامێری سەتەلایتی ستارلینک»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران» هەر یەک سزای ٥ تا ١٥ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٤٣ میلیارد و ٥٨ میلیۆن تمەن پارەیان بەسەردا سەپابوو.
لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ هەروەها بۆ هەشت تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە بە ناوەکانی سیامەک هەیاسی، سواره عەزیززادە، هێمن کرمانج، حسەین حسەینزاده، جەلیل مەولوودی، ئەحمەد مامەزاده، جوامێر مامخەسرەوی و سالار داغدار، بە کۆمەڵەتۆمەتێکی وەک «ئەندامبوون لە گرووپی باغیدا»، «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دژبەری ئیسراییلدا» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای بەندکران و بێبژاردنی پارەی دەر کردبوو. حەوت لەم کەسانە پێشتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون. هاوکات دوکتور سەلاحەدین ئەحمەدی کە تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەکە بوو، ئەستۆپاکیی لە هەموو تۆمەتەکان ڕاگەیەنرا.
ئەم ١٤ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بۆکان لە کۆتایی خاکەلێوە و سەرەتای گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاوریلی ٢٠٢٣) بە هۆی بەشداریکردنیان لە سەرهەڵدانەکانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان و بانە دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمییە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەم هاووڵاتیانە بۆ ماوەی چەندین مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی قورسەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار کراون ددان بە تاوانکاربوونی خۆیاندا بنێن. ئەم هاووڵاتیانە لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون.
