جێبەجێکردنی سزای کەرتکردنی ئەندامی لەشی سێ زیندانی لە ئورمیە


بەپێی هەواڵەکان، سزای کەرتکردنی چوار پەنجەی دەستی راستی سێ زیندانی بە ناوەکانی هادی رۆستەمی، مەهدی شەرفیان و مەهدی شاهیوەند لە زیندانی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان قسەی کردووە، شەوی چوارشەممە، ٩ی گەلاوێژی، کاتژمێر ١٠ی شەو، ئەم سێ زیندانییە بۆ نووسینگەی پاراستن بانگکراون و پاش ئەوەی چاویان بەسراوە و کەلەپچەیان لێدراوە، بۆ شوێنی جێبەجێکردنی سزا گوازراونەتەوە.

بەگوتەی هەمان سەرچاوە، پێش کاتژمێر ١٢ی شەو، بە ئامادەبوونی پەیمان خان‌زادە، سەرۆکی زیندان، سەعید نووری، جێگری داواکاری گشتی، و چەند بەرپرسی دیکەی دادوەری، سزای کەرتکردنی چوار پەنجەی دەستی راستی ئەم زیندانیانە لە رێگای گیۆتینەوە جێبەجێ کراوە. پاش جێبەجێکردنی سزا، ئەوان بە ئامبوولانس بۆ ناوەندێکی پزیشکی لە ئورمیە گوازرانەوە و پاش چەند کاتژمێر، بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی چارەسەری، بۆ زیندان گەڕێنراونەتەوە.

هادی رۆستەمی (لەدایکبووی ١٣٦٥، ئیلام)، مەهدی شەرفیان (لەدایکبووی ١٣٦٣، خورمئاوا) و مەهدی شاهیوەند (لەدایکبووی ١٣٧٥)، لە ساڵی ١٣٩٤ لەلایەن پۆلیسی ئاگایی ئورمیە دەستگیر کراون. ئەوان لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، لە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٨، لەلایەن لقی یەکەمی تاوانکاری تایبەت بە منداڵان و لاوان بە تۆمەتی «دزی» سزای کەرتکردنی چوار پەنجەی دەستیان بەسەردا سەپا، کە لە لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کراوە.

ۆپێشتر، هادی رۆستەمی لە نامەیەکی کراوەدا نووسیبووی: «من بێتاوانم و لە ژێر ئەشکەنجەی سەختدا ناچار بە واژووکردنی بەرگە سپییەکان کراوم. سەرەڕای پێداگری بەردەوامم لە بێتاوانی خۆم، دەنگم نەبیسترا.”

هاوکات لێبوردنی نێودەوڵەتیش کەلەم بارەوە هۆشداری دابوو، ئەم سزایەی بە «بێرحمانە» و بە «شانۆیەکی وەحشیانە» ناو بردووە. بە وتەی ئەم رێکخراوە، ئەم زیندانیانە لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا بە پشتبەستن بە دانپێدانانەکانی لە ژێر ئەشکەنجە وەرگیراوە سزا دراون و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون.

سزای کەرتکردنی ئەندام دژ بە پەیمانی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤە کە ئێران واژۆی کردووە. سەرەڕای ئەمە، بە وتەی غوڵامحوسێن موحسەنی ئیژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەری، لە سێ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ژمارەی ئەم سزایانە جێبەجێ کراوە.

رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای وەستاندنی دەستبەجێی ئەم سزا نامرۆیانەیان کردووە. بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بە لایەنی کەمەوە ٢٣٧ کەس بە سزای کەرتکردنی ئەندام سزا دراون، کە لە نێوانیاندا ١٢٩ سزا جێبەجێ کراوە.

Live
Hide picture