
هاوکات لەگەڵ ئەوەی زینەب جەلالیان ژنە پێشەنگ و زیندانی سیاسی کورد کەوتە بیستەمین ساڵی زیندانیکردنی، نوێنەری حزبی چەپی ئاڵمان لە پارلمانی ئەو وڵاتە کەفالەتی سیاسی زێنەب جەلالیانی قبوڵ کرد.
ئەمڕۆ جانسو ئۆزدەمیر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ڕایگەیاند، دۆسیەی زێنەب جەلالیان لە ئاستی نێودەوڵەتی لەبیر کراوە، بە ساڵانە ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ باس لە ڕەوشی دژواری زێنەب جەلالیان دەکەن لە نێو زیندانەکانی ڕژێم، ئەوەش دەریدەخات ڕژێمی ئێران چۆن مافی گیراوان پێشێل دەکات. ڕاشیگەیاند، وەک کەفیلی زێنەب جەلالیان هەوڵ دەدات، بۆ ئازادی زێنەب جەلالیان دۆسییەکەی لە ئاستی نێودەوڵەتی وەگەڕ خاتەوە.
زێنەب جەلالیان لە دایکبوی ١٣٦١ی هەتاوی لە ماکۆ، مانگی ڕێبەندانی ١٣٨٦ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە کرماشان دەستبەسەرکرا. سەرەتا سزای سێدارەی بەسەر داسەپا، بەڵام لە داگای پێداچونەوە گۆڕا بۆ سزای زیندانی هەتا هەتایی.
لە نامەکانی زێنەب کە لە زیندانەوە دەهاتنەدەر ئاشکرا بوو، لە کاتی لێپرسینەوە توندترین ئەشکنجەکانی لەسەر پەیرەو کراوە، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزشکی بێبەشکراوە. لە زیندان توشی چەندین نەخۆشی سەخت بۆتەوە بەهۆی ئەشکنجەی هێزە ئەمنیەکان. هەروەها لەماوەی ٢٠ ساڵی زیندانیبونیدا لە مافی سەردانی بنەماڵە، بێبەشکراوە.
