
بەپێی هەڵسەنگاندنێکی تازە کە لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکیەوە دراوەتە تۆڕی NBC، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ ناوەندی ئەتۆمی ئێران لە مانگی ڕابردوودا تەنها لە ناوەندی فۆردۆ سەرکەوتوو بووە و ناوەندەکانی نەتەنز و ئەسفەهان زیانی سنوورداریان پێگەیشتووە.
بە گوتەی NBC، پێنج بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریکی جەختیان کردۆتەوە کە هێرشەکە بۆ سەر فۆردۆ زیانێکی زۆری بەو ناوەندە گەیاندووە و ئەگەری هەیە چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە پیتاندنی ئۆرانیۆمی تا دوو ساڵ دواخستبێت. یەکێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکی ئەم هێرشەی بە “زەبرێکی گەورە” داناوە.
سەرەڕای ئەوە، دوو ناوەندەکەی دیکە، نەتەنز و ئەسفەهان، زەبری کەمتریان لێکەوتووە. بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، ئێران ئەگەر بییەوێ، دەتوانێت لە ماوەی چەند مانگێکدا چالاکییە ئەتۆمییەکانی لەم ناوەندانەدا دەستپێبکاتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ، ئەندامانی کۆنگرێس، وەزارەتی بەرگری، و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکای لەم زانیارییەکانە ئاگادار کردۆتەوە.
NBC هەروەها باس لەوە دەکات کە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا پێشتر پلانێکی بەرفراوانتری بۆ هێرش کردنە سەر سێ ناوەندی دیکەی ئەتۆمی ئێران ئامادە کردبوو، بەڵام ترەمپ بۆ ئەوەی گرژییەکان تەشەنە نەستێنن و تێچووی مرۆیی زیاد نەبن، جێبەجێکردنی ئەم پلانەی ڕاگرتووە.
بەرپرسێکی پێشوو بە NBCی وتووە: “ترەمپ نەیدەویست گرژییەکان پەرە بستێنن.”
سەرەڕای ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەکانیدا باسی “تەفرووتوونا بوونی” پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی کردووە، بەڵام هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە ناوەندەکانی نەتەنز و ئەسفەهان زەبری بەرچاویان لێ نەکوتووە. بەرپرسێکی ئاگادار لەم بارەیەوە گوتی: “ڕاستییەکان لەو شتەی کە بەرپرسان رایدەگەیەنن، ئاڵۆزترن.”
بە گوتەی سەرچاوە ئەمریکییەکان، ئێستا لە ناو ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، باسوخواس لەسەر هێرشی دووبارە بۆ سەر ئێران بەردەوامە. پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئێران بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان نەگەرێتەوە، یان هەوڵ بدات ناوەندەکانی نوێژەن بکاتەوە، ئایا پێویستە ئامریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنەوە یان نا.
بەرپرسانی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاندووە کە کەمێک ئۆرانیۆمی پیتاندراو لە ژێر ناوەندی ئەسفەهاندا ماوەتەوە، بەڵام دەستراگەیشتن پێی ئەستەمە. یەکێک لە بەرپرسانی ئەمنی وتوویەتی: “ئەگەر ئێران هەوڵ بدات ئەو ئۆرانیۆمە دەربهێنێت، ئەگەری هەیە دیسان هێرش بکەینەوە.”
شارەزایان هۆشداریان داوە کە ئەگەر ئێران نەگەریتەوە بۆ سەر میزی گفتوگۆکان و پیتاندنی ئۆرانیۆم دەستپێبکاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی لاوازی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە، ئەگەری هێرشی دووبارەی ئیسرائیل و ئەمریکاوە زۆرە.
