بەیاننامەی کەژار لە ساڵڕۆژی پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتدا: ئیرادەی گەل لە پیلانگێری بەهێزترە

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە یاننامەیەکدا بەبۆنەی ١٥ی شوبات، ساڵوەگەری پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ، بە ئاماژەدان بەوەی کە پیلانگێڕی بەردەوامە، جەختی کردەوە کە ڕێبازی فکری و فەلسەفی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی ناسنامەی کورد و پێکەوەژیانی گەلان پێشکەش دەکات.

کەژار بەبیری هێناوەتەوە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی تێکۆشانی خۆیدا، بە تایبەتی لە ٢٧ ساڵی گۆشەگیری، ڕێبازێکی فکری و فەلسەفی پێشکەش کردووە کە ناسنامەی کورد، ئازادیی ژن و یەکێتیی دیموکراتیکی گەلان دەخاتە ناو پەیوەندییە سەرەکییەکان.

کەژار هەروەها هێز و بزووتنەوە ژنانی ئازادیخوازی وەک بنچینەی ئەم ڕێبازە ناو بردووە و جەختی ئەوان لەسەر بنەمای فەلسەفە و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕێکخستنی ژنان و کۆمەڵگە، بە ڕۆڵ و پێشەنگایەتیی گەلی کورد بۆ بۆنیادنانی ئێرانێکی دیموکراتیک، هەموو هێزی خۆیان دەخەنەگەڕ.

دەقی بەیاننامەکەی کەژار بەمشێوەیە:

بە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدا تێپەڕدەبین، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو گۆڕانکاری گەورەدایە و شەڕی جیهانی سێیەم ئاڵۆزی و  گرژییەکی قورسی خستۆتە نێو گەل و کۆمەڵگا،لە کاتێکدا ٢٧ ساڵ بەسەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ تێدەپەڕێت و ئەم پیلانگێڕییە دەکەوێتە ٢٨مین ساڵی خۆیەوە، هیچ گۆرانکارییەک لە سیستەمی ئیمرالیدا دروست نەبووە، جارێکی دیکە پێلانگێڕی نێودەوڵەتی شەرمەزار و ئیدانە دەکەین.

لە ئێستادا قڕکردنێکی کولتووری، ناسنامەیی، کەسایەتی، ژیان و ئازادی لە دژی گەل و ژنانی ئازادیخواز بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە ماوەی ٥٣ ساڵ تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆدا، بەتایبەت ئەو ٢٧ ساڵەی کە لە ئیمرالی دەمێنێتەوە، توانیویەتی بە ئایدۆلۆژیا و ڕامانی خۆی، ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی ناسنامەی کورد و پێکەوەژیانی گەلان بکاتە پرسێکی سەرەکی.

لە ڕاستیدا ئیرادەی ئازاد و خۆڕاگریی ڕێبەر ئاپۆ بوو بە نموونەیەکی زانستی بۆ ژیانی دیموکراتیکی تەواوی گەلان، هەروەها لەسەر بنەمای مانیفێستی شارستانییەتی دیموکراتیک کە لە هەل و مەرجی سەختی ئیمرالیدا نووسیویەتی، بوو بە ڕێنیشاندەر بۆ پێشخستنی ڕۆحی نەتەوەیی و یەکێتیی دیموکراتیکی گەلان.

هەرچەندە ڕێبەر ئاپۆ، لە ئیمرالی لەناو گۆشەگیرییەکی سەختدایە لە، بەڵام بە ڕێباز و شێوازی ژیانی خۆی، بووەتە نموونەی ڕێبەرێکی سۆسیالیست.

هەر لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی ئاپۆییەوە، بە گرنگیدان بە کێشەی مێژوویی کۆیلایەتیی ژن و مێژووی ئازادیی ژن و بە داڕشتنی ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژن، بناغەیەکی وای دانا کە ژنانی ئازادیخواز، تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ بتوانن ببنە خاوەن هێز و ئیرادەی تێکۆشان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستەمی دەسەڵاتدار، بۆیە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادیی تەواوی گەلانی بن دەست و ئەو ژنانەیە کە ڕۆژانە دەبنە قوربانیی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی.

 سەرەڕای سەپاندنی گۆشەگیری و ئەو سیستەمە سەختەی کە لە ئیمرالیدا هەیە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٥دا دەستپێشەری بۆ پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک کردو لە هەر قۆناغێکی تێکۆشانی خۆیدا، هێزی دوژمنی تێکشکاندووە، هەروەها بە پیلان و پڕۆژەکانی توانیویەتی سیاسەت و پیلانگێرییەکانی زلهێزەکان لەناو ببات.

ئەو هێزانەی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییان ئەنجامدا، ویستیان بە سەرکوتکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ،پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ، ڕۆحی نەتەوەیی و یەکگرتوویی گەلی کورد و هێز و ڕامانی ژنی ئازاد قڕ بکەن، بەڵام وەک هەمیشە ڕێبەر ئاپۆ بە پێشنیار و پڕۆژەکانی بوو بە کلیلێ چارەسەری؛ هەروەها ڕۆحی یەکگرتوویی گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی ژنان لە تەواوی جیهاندا، سیاسەتی قڕکردنی سەد ساڵەی گەلی کوردی بەتەواوی پووچەڵ کردەوە.

لە سەرهەڵدانەکانی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥کە بەردەوامیی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”بوو، لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە جینۆساید بەرامبەر بە گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانجی سڕینەوەی ئیرادە و ژیانی ئازاد و ناسانامەی ئازاد ئەنجامدرا.

ڕێبەر ئاپۆ لە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکدا بە ئاشکرایی ئاماژەی بە پێویستی بە، بەدیموکراتیزەبوونی ئێران کردووە. بۆیە پێویستە ڕژێمی ئێران لە زووترین کاتدا لە ئەقڵیەت و سیستەمی خۆیدا گۆڕانکاری دروست بکات. شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانە بە ڕوونی نیشانیان دا کە سیاسەتی لەسێدارەدان، دەستدرێژی، قڕکردن و کوشتن، لە داخوازیی ژیان و ناسنامەی ئازادی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهێزتر نییە.

هەر وەک چۆن گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریکردنیان لە سەرهەڵدانەکانی دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩٩دا، نیشانیان دا کە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تەنیا ڕێگەی گەیشتنە بە ئازادی، لە ئێستاشدابە بەبنەماگرتنی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، هەموو کاتێک ئامادەی نەبەرد و تێکۆشانن.

ئێمەش وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، لەسەر بنەمای فەلسەفە و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕێکخستنی ژنان و کۆمەڵگە، بە ڕۆڵ و پێشەنگایەتیی گەلی کورد بۆ بۆنیادنانی ئێرانێکی دیموکراتیک، هەموو هێزی خۆمان دەخەینەگەڕ، بە ئامانجی پێشخستنی هێزی نەتەوەی دیموکراتیک و تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین.

وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “ئازادیی ژن، ئازادیی کۆمەڵگەیە”. لەسەر ئەم بنەمایە، ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز دەتوانن ببنە هێزی سەرەکی بۆ پێشخستنی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک. تەنیا ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە دەتوانێت پێکەوەژیانی تەواوی گەلان، ئازادیی ژنان، ئازادیی کۆمەڵگە و تەواوی مرۆڤایەتی مسۆگەر بکات.

کۆمەڵگەی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -کەژار

Live
Hide picture