هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وەڵامی هێرش و هەڕەشە توندەکانی ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بە توندی شەرمەزاری کرد. ئەم هاوپەیمانییە ڕایگەیاند کە لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دامەزراندنیان، شەپۆلێک لە شادی و پشتگیری لە نێوان خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی ئێران درووست بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەندێک لە دژبەرانی مافی نەتەوەکان کاردانەوەی توندیان نیشان داوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕەزا پەهلەوی لە پۆستێکدا لەسەر پلەتفۆرمی “ئێکس” بە ئەدەبیاتێکی توند، نەتەوەی کورد و حزبە سیاسییەکانی تۆمەتبار کردووە و هەڕەشەی بەکارهێنانی سوپا دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئێستای لێیان کردووە. هاوپەیمانییەکە ئەم هەڵوێستە بە نیشانەی بیرکردنەوەی سەرکوتکارانە دەزانێت و دەڵێت ئەمە جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕابردووی دیکتاتۆریدا نییە.
هاوپەیمانییەکە هەروەها ڕەخنە لە ڕۆڵی ڕەزا پەهلەوی دەگرێت کە لە سەردەمی بزووتنەوەی «ژینا» (ژن، ژیان، ئازادی)، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هۆکاری دووبەرەکی لە نێوان هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە نەتەوەی کورد و هێزە سیاسییەکانی بە درێژایی تەمەنی ڕژیمی ئێستا قوربانیی زۆریان داوە و هەمیشە لە پێشەوەی خەبات دژی سەرکوت بوون.
لە کۆتاییدا، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەخت لەسەر پاراستنی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران دەکاتەوە و بانگەواز لە هێزە سیاسییەکان دەکات لە دژی هەر گوتارێکی پاوانخواز و تۆتالیتار و لە پێناو دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکراتیک و دوور لە دیکتاتۆری یەکبگرن.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم شێوەیەیە:
“کۆمەڵانی مافخوازی کوردستان!
خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!
لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕاگەیاندنی «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» شەپۆلێک لە شادی و جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانە، خەڵکی کوردستان، نەتەوە بندەستەکان و ئازادیخوازانی ئێرانی گرتەوە، ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانییە دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە نێوان هێزە سیاسییە خەباتکارەکانی ئێران و نێوەندە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانیشدا هەبوو، لە بەرانبەردا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها تاقمێک لە دژبەرانی مافی نەتەوە بندەستەکان و ئازادییە دیموکراتیکەکان کە خۆیان لەژێر بەرگی ئۆپۆزیسیۆندا حەشار داوە، کاردانەوەیەکی هیستری و ڕق ئەستوورانەیان نیشان دا کە دیارە بۆ ئێمە چاوەڕوانکراو بوو.
هەر لە درێژەی ئەو دژایەتیانەدا ئەمڕۆ چوارشەمە ٦ـی ڕەشەمێ، ڕەزا پەهلەوی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە پلاتفۆرمی ئێکس، ئەویش بە ئەدەبیاتێکی خۆپێشازانانە و تۆمەت بەخشینەوەی بێ بنەمای هەمیشەیی، نەتەوەی مەزنی کورد و حیزبە سیاسییە خەباتکارەکانی کوردستانی دایە بەر شاڵاوی تانە و تەشەر، ناوبراو وێڕای بەرزکردنەوەی گۆپاڵی هڵۆڵی ‘جیاییخوازی’، هەڕەشەی ئەوەی کردووە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، سوپا بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد ڕادەسپێرێت.
ڕەزا پەهلەوی هەر دەڵێی ئەم ڕاستییە مێژووییەی لەبیر چووە کە هەر کاتێک ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ پارچەپارچەکردنی ئێران لە ئارادا بووبێت، کەس ڕووخسەتی لە باوک و باپیری تاجداری ئەو وەرنەگرتووە و تۆزی ئەوانی نەشکاندووە، وەک چۆن لە بەخشینی ‘ئاراراتی بچووک’، دەستبەرداربوون لە ‘بەحرەین’ و سەرچاوەکانی ڕووباری ‘هیرمەند’، لە فرۆشتن یان ڕادەستکردنی بەشە جیاجیاکانی خاکی ئێران درێغییان نەکردووە، ئەوان هەمیشە لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا بە تەقەی یەکەم فیشەک و تەنانەت بە ئاماژەیەکی لاوەکیی لایەنە دەرەکییەکان، یان ڕایان کردووە و پەرش وبڵاوبوون یان کونەمشکیان لێ بووەتە قەیسەری، لەڕاستیدا ئەوان تەنیا شوێنێک کە توانیویانە خۆیانی تێدا بنوێنن، گۆڕەپانی کۆمەڵکوژیی خەڵکی مەدەنی و سەرکووتکردنی ئازادییە دیموکراتیکەکانی خەڵکی ئێران، بەتایبەت نەتەوە بندەستەکانی ئەم وڵاتە بووە.
هەڕەشە بەردەوامەکانی ناوبراو بۆ بەکارهێنانی سوپا بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ داخوازییە سیاسییەکانی نەتەوەکانی ئێران، پەردە لەسەر ئەو ڕاستییەش لادەدات کە لە ئێرانی پاشەڕۆژی مەبەستی ئەودا، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ داخوازییە مەدەنی و خواستە دیموکراتیکە نووسراوەکان لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هەر بە ئەمنییەتی و سەربازی دەمێنێتەوە و هیچ جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان ڕێژیمی سیاسیی ئارمانیی ئەو و ڕێژیمە سەرکوتکەرەکانی ڕابردوو و ئێستای ئێراندا نابێت، لەگەڵ ئەمەشدا، بۆچی وا بیر دەکەنەوە کە خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی ئامادەن مل بۆ ئەو و هاوبیرانی وەک بەشێک لە ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئێرانی داهاتوو ڕابکێشن؟
لەلایەکی دیکەوە، دیارە ناوبراو وێڕای بێئاگایی لە مێژوو و جوگرافیا، تێگەیشتنێکی دروستیشی بۆ کاتی ئێستا نییە، ئەگەرنا دەبوو بزانێت کە سوپا و تێکڕای ئامرازەکانی سەرکوتی حکومەتی و هەر ئەو سوپای ‘پاسداران’ـە تیرۆریستییەی کە جێگەی نازی هەمیشەیی و پشتیوانیی ئەو بووە و هەیە، لە سەدەی ڕابردوودا هیچ کات لە کوردستان دوور نەبووە و نین؛ هەروەها هیچ میکانیزمێک بۆ سەرکوت نەماوە کە لەسەر کوردستان تاقی نەکرابێتەوە و شکستی نەهێنابێت، هەتا ناوبراو بیەوێت دوای تاجگوزاریییە خەیاڵییەکەی خۆی، لەو بوارەدا داهێنان و نوێگەرییەک پێشان بدات.
خەنجەر لە کالان دەرهێنانی ڕەزا پەهلەوی دژ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لە کاتێکدایە کە بە گەواهیدەری سەرجەم ئازادیخوازان و شارەزایانی کاروباری ئێران، لە بزووتنەوەی «ژینا» (ژن، ژیان، ئازادی) و هەروەها ڕاپەڕینەکەی ئەم دواییەی خەڵکی ئێراندا، ناوبراو بە هاوکاریی دەستەوتاقمە گوماناوییەکانی دەورووبەری، ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگری لە دروستکردنی دووبەرەکی و پەرتەوازەیی لە ڕیزەکانی گەل و نەیارانی ڕێژیمدا بووە، تەنیا ڕەوتێکی سیاسی کە لەم ماوەیەدا هێشتا پەیمانی برایەتیی لەگەڵدا ماوە و هاوسۆزیی بۆ نیشان داون، هەر ئەو هێزە چەکدار و ئەمنییەتی و سەرکوتکەرە تیرۆریستیانەی ڕژێم بوون، تا ئەو ڕادەیەی لە نوێترین لێدوانەکانیدا بۆ بێبەریکردنی ئەوان لە تاوان و کارەساتە سامناکەکانی مانگی بەفرانباردا، بانگەشە دەکات هێزە چەکدارەکان دەستیان لە سەرکوتەکاندا نەبووە و تەواوی ئەو تاوانانە دەستی دەرەکیی لەپشت بووە! هەروەها لە کاتێکدا دۆست و دووژمن گەواهی ئەوە دەدەن نەتەوەی کورد و حزبە سیاسییە خەباتکارەکانی کوردستان بە درێژایی تەمەنی ستەمکارانەی کۆماری ئیسلامی، هەمیشە دڕکێک بوون لە چاوی سەرەڕۆیی ڕێژیمی خومەینیدا و بەردوام پەناگە و پشتیوانی ڕاستەقینەی ئازادیخوازانی نەتەوەکانی ئێران بوون.
لە ڕێگەی خەبات دژی ئەم ڕژێمە سەرکوتکەرەدا تێچووی قورسیان داوە، کەچی ئەم کەسە حزبە کوردییەکان بە هاوکاری لەگەڵ خومەینی تۆمەتبار دەکات، ئەم تۆمەتبارکردنەش لە کاتێکدایە کە هەر ئەوکاتەی کوردستان لەسۆنگەی فەتوای جیهادی خومەینییەوە لە زەوی و ئاسمانەوە کرابووە ئامانجی هێرشی خوێناوی، ڕەزا پەهلەوی خۆی چەندین جار گوتوویەتی کە نامەی بۆ خومەینی نووسیوە و داوای کردووە وەک فڕۆکەوانێکی سادە لە ڕیزی هێزەکانیدا وەری بگرێت!
جێگەی سەرسوڕمانە کەسێک بەو ڕابردووە پڕ لە شەرمەزارییەوە، حزبەکانی کوردستان بە هاودەستی لەگەڵ خومەینی و هۆکارە دەرەکییەکان تۆمەتبار دەکات، لە حاڵێکدا خۆی بە پێدانی بەڵێنی درۆ بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ناوخۆی وڵات سەبارەت بە بوونی دەیان هەزار هێزی هەڵاتوو لە ڕیزەکانی سەرکوتکەران، بوونی سەدان هەزار ئامێری ‘ستارلینک’ و مەحاڵبوونی پچڕانی ئینتەرنێت و گەیشتنی یارمەتیی دەرەکی، هەزاران کەس لە ئازادیخوازانی ئێمەی کێشایە نێو داوی ڕێژیمی تاوانباری کۆماری ئیسلامی، بێگومان لە دوای ئازادیی ئێران و دوای دادگاییکردنی سەرانی خیانەتکاری حکومەت و بکوژان و تاوانبارانی ڕژێم، ناوبراویش دەبێ لە بەرامبەر ئەم جۆرە هەڵە خیانەتئامێزانەی خۆیدا وەڵامدەر بێت.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم جۆرە لێدوانە سووک و بێبنەمایانەی ڕەزا پەهلەوی، جەخت لەسەر هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆی لە پاراستنی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد و مافە ڕەواکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران دەکاتەوە و پێی وایە ئەم جۆرە لێدوانی دوژمنکارانە لە کۆتاییدا ناگەنە هیچ ئەنجامێک، بەڵکو ئیرادەی نەتەوە ئازادیخوازەکان و تێکۆشەرانی ئێران لە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجە ئازادیخوازانەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو و ناشتنی هەمیشەیی دیکتاتۆری و فاشیزم لە هەر جۆر و ڕەنگێک قایمتر دەکات.
بۆیە جارێکی دیکەش داوا دەکەین لە سەرجەم هێزەکانی کوردستان کە خوازیاری ئازادیی و بەرگرین لە ماف و نەتەوەکەیان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گوتارە پاوانخواز و تۆتالیتارەکان، بێنە ڕیزی ‘هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران’ـەوە.”
