
لە هەفتەی هەشتاوحەوتەمی کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ ئیعدام»، زیندانیان لە ٥٢ بەندیخانەی ئێراندا دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. بەپێی راگەیەندراوێکی کەمپەینەکە، ئەم مانگرتنە لە کاتێکدایە کە ژمارەی لەسێدارەدراوان لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تەنیا لە مانگی خەرماناندا بەلانیکەمەوە ١٨٦ کەس — لە نێویاندا حەوت ژن و چەندین هاووڵاتیی بلووچ — لەسێدارە دراون. هەروەها لە ٢٥ی خەرمانانەوە تا ئێستا بەلانیکەمەوە ٤٦ لەسێدارەدانی دیکە تۆمار کراوە.
لە راگەیەندراوی ئەم کەمپەینەدا هاتووە کە هەفتەی هەشتاوحەوتەم لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە «سێبەری ترس و سەرکوت رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر باڵ بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا دەکێشێت.»
لەم راگەیەندراوەدا لەسێدارەدانی بابەک شەهبازی، یەکێک لە ئەندامانی کەمپەینەکە، لە ساڵیادی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا و بەبێ دیداری دوا مالئاوا لەگەڵ بنەماڵەی، بە نیشانەیەکی بەرچاوی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دانراوە. بە گوێرەی ئەم راگەیەندراوە، گواستنەوەی نهێنی شەهبازی لە بەندەوە بۆ جێبەجێکردنی سێدارە و شاردنەوەی ئەم پرسە لە لایەن کاربەدەستانی بەندیخانەوە، ناڕەزایەتی و مانگرتنی هاوبەندییەکانی ئەو زیندانییەی لە بەندیخانەی قەزڵحەسار بەدوای خۆیدا هێناوە.
راگەیەندراوی کەمپەینەکە هەروەها دەڵێت کە حکومەت لە لایەکەوە بە پڕوپاگەندە سەبارەت بە «لێبوردنی» زیندانیان هەوڵ دەدات سیمایەکی مرۆیی لە خۆی نیشان بدات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بە لەسێدارەدانی یەک لەدوای یەک و هەفتانە، «سروشتی ڕاستەقینە و دژەمرۆیی» خۆی ئاشکرا دەکات.
بەپێی ئەم راگەیەندراوە، ئەمساڵ و هاوکات لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکان، جارێکی دیکە مامۆستایان و خوێندکارانی هۆشیار پێشەنگی تێکۆشان بۆ ئازادی و یەکسانی بوون، و گەنجان و لاوان لە قوتابخانە و زانکۆکاندا دەنگی ناڕەزایەتی دژ بە لەسێدارەدانیان زیندوو ڕاگرتووە.
کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» لە کۆتایی راگەیەنداروەکەیدا، روو لە خەڵکی ئێران و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکات و دەڵێت: «لەبەرامبەر ئەم سیاسەتە توندوتیژ و دژەمرۆییانەدا نابێت بێدەنگ بین. دەنگمان دەبێت لە هەر سەرکوتێک بەرزتر بێت. هەموو سێشەممەیەک، بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی سێدارە و بۆ بەرگریکردن لە مافی بنەڕەتیی ژیان، رادەپەڕین.»
بەپێی راگەیەندراوەکە، زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە ٥٢ زیندانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە نێویاندا ئەوین، قەزڵحەسار، تارانی گەورە، قەرچەک، مەهاباد، ورمێ، سەقز، سەنە، مەریوان و دەیان شاری دیکە لە مانگرتن لە خواردندا بەشدارن.
