بەرپرسانی ئەمریکا: ترامپ ئامادەیە پشتگیری لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بکات

دۆناڵد ترامپ ئامادەیە پشتیوانی لەو پارت و گرووپە ئۆپۆزسیۆنانە بکات کە دەتوانن کردەی سەربازیی دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام بدەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “واڵ ستریت ژۆرناڵ”، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە: دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئامادەیە پشتگیری لەو پارت و لایەنە ئێرانییانە بکات کە بە نیازی ڕووخاندنی ڕژێمن لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرکردە کوردەکان گفتوگۆی کردووە و بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەو سەرکردە یان لایەنانەی تری کە دەتوانن سوود لە لاوازیی ڕژێم وەربگرن.

پێشتر ماڵپەڕی ئاکسیۆسوەک، هەواڵی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ترامپی لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی باشوور بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، حیزبە کوردییەکان هێزێکی بەرچاویان لەسەر سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و بۆردومانکردنی بنکەکانی هێزە ئەمنییەکان و سپای پاسداران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو گومانانەی بەهێزتر کردووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی ڕێگەن خۆشکردنن بۆ چوونە ناوەوەی ئەو هێزانە بۆ ناو خاکی ڕۆژهەڵات و ئێران.

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە بەیاننامەیەکدا بێ ئەوەی ئاماژە بە ئامانجی سەرۆکی ئەمریکا بکات، ڕایگەیاند: “سەرۆک ترامپ لەگەڵ زۆرێک لە هاوبەشە هەرێمییەکان گفتوگۆی کردووە.”

Live
Hide picture