
لە هەشتا و چوارەمین حەفتەی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان”، ژمارەیەک لە زیندانیانی بەندیخانەی لەنگەروودی قوم تەڤلی ئەم هەڵمەتە بوون، بەمەوە ژمارەی بەندیخانە بەشداربووەکانی ئەم کەمپەینە گەیشتنە ٥١ بەندیخانە.
ئەم کەمپەینە هاوکات لەگەڵ چلەی لەسێدارەدانی مەهدی حەسەنی و بێهروز ئەحسانی، داوای هەڵوەشاندنەوەی “سزای مەرگ” و پاراستنی مافەکانی مرۆڤی لە ئێران کردەوە.
کەمپەینەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە چلەمین رۆژی لەسێدارەدانی “ترسەنۆکانە”ی مەهدی حەسەنی و بێهروز ئەحسانی، بنەماڵە و هاوڕێیانیان هێشتا شوێنی نێژرانی تەرمەکانیان نازانن، کردەوەیەک کە بە وتەی کەمپەینەکە “هیچ نییە جگە لە ونکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدانی بنەماڵەکانیان” و بەشێکە لە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.
راگەیەندراوەکە هەروەها ئاماژە بە رێژەی زۆری لەسیدارەدان لە ئێراندا دەکات: تەنیا لە حەفتەی رابردوودا ٣٩ کەس، لە نێویاندا دوو ژن، و لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوییەوە تاکوو ئێستا ٧٠٤ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. کەمپەینەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم رەوتە نەک تەنیا پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنی خوێناوی خەڵک و هەوڵێکە بۆ ئەوەی دەنگی ئازادیخوازان و عەدڵەتخوازان پێ کپ بکرێت.
سەرەڕای ئەمانە، بەڕێوەبەرانی کەمپیەنەکە لەو بروایەدان کە قوربانییەکان لە بیر ناچنەوە و “خوێنی ئەوان هێشتا لە دەمارەکانی گەنجاند دەخرۆشێت و رێگاکەیان دەبێتە چرای هیوا بۆ داهاتوویەک بە بێ لەسێدارە دان و توندوتیژی”.
لە کۆتاییدا، کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ولی دانشوەرکار کردووە، کە باوکی زیندانی سیاسی شاهرۆخ دانشوەرکارە و یەکێک لە پشتیوانە چالاکەکانی ئەم کەمپەینە بووە و بەم دواییە کۆچی دوایی کردووە. کەمپەینەکە هەروەها جەختی لە بەردەوامی تێکۆشان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان لە ئێراندا کردۆتەوە.
