بەردەوامیی کەمپەینی “سێ‌شەممەکانی نا بۆ سیدارە”؛ لە هەفتەی هەشتاوشەشەمدا، بەشداریی ٥٢ زیندان لە مانگرتنی ئەم هەفتەیەدا

کەمپینی “سێ‌شەممەکانی نا بۆ لەسیدارەدان” لە هەفتەی هەشتاوشەشەمی خۆیدا، رۆژی سێ‌شەممە ٢٥ی خەرمانان، بە مانگرتنی زیندانیان لە ٥٢ زیندانی جیاوازی ئێراندا بەردەوام بوو.

ئەم کردەوە ناڕەزایەتییە هاوکات بوو لەگەڵ وەبیرهێنانەوەی ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و بەرزڕاگرتنی یادی ژینا ئەمینی و هەموو ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا گیانیان لەدەست داوە.

 

بیرهێنانەوەی گیانبەختکراوان و پەرەسەندنی لەسێدارەدان

کەمپەینەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨، و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ساڵی ١٤٠١دا کردووە و جەختی کردۆتەوە کە حکومەت بۆ سەرکوتکردنی خەڵک رووی کردۆتە “فیشەک و سێدارە”، بەڵام نەیتوانیوە دەنگی ناڕەزایەتییەکان کپ بکات.

بەپێی ئامارەکانی ئەم کەمپەینە، تەنیا لە سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣١٧٥ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، کە لە نێویاندا ٤٩ کەس زیندانیی سیاسی-ئایینی و ٩٥ کەس ژن بوون. تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا بەلانی‌کەمەوە ٣٤ زیندانی لەسێدارە دراون، و لە سەرەتای خەرمانانەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە ١٢٦ کەس ملیان بەدارەوە کراوە.

راگەیەندراوەکە هەروەها ناوی نەوید ئەفکاری، کە لە ٢٢ی خەرمانانی ١٣٩٩ ئێعدام کرا، بیر هێناوەتەوە و دەڵێت نەوید بۆتە هێمای بەرخۆدان لە دژی سەرکوت.

 

شەرمەزارکردنی سزای نوێ و هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی سەقز

کەمپەینی “سێ‌شەممەکانی نا بۆ لەسیدارەدان” سەپاندنی سزای سێدارەی بۆ “پێژمان توبرەریزی” بە تۆمەتی “افساد فی‌الارض” و “ناسر بەکرزادە”، زیندانی کورد بە تۆمەتی ئەمنییەتی، بە توندی شەرمەزار و داوای لە هەموو چالاکانی مافی مرۆڤ کردووە کە لە دژی ئەم سزایانە بوەستنەوە.

ئەم کەمپەینە هەروەها لەگەڵ بنەماڵەی کرێکارانی کانگای سەقز و بنەماڵەی محەمەد ڕەشیدی کە رۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەتی ئێرانەوە کوژرا، هاوسۆزی دەربڕیوە و جەختی کردۆتەوە کە تا هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بەردەوام دەبن.

 

بەشداری ٥٢ زیندان لە مانگرتن لە خواردن

بەپێی ئەم راگەیەندراوە، زیندانیان لە ٥٢ زیندانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە ئەوین، قزڵحەسار، قەرچەک، تارانی گەورە، دەستگەردی ئەسفەهان، سەپیداری ئەهواز، عادڵئابادی شیراز، زاهدان، یەزد، مەشهەد، رەشت، ئەردەبیل، تەورێز، ئورمیە، مەهاباد، بۆکان، سەقز، سنە، و مەریوان بەشدارییان لەم مانگرتنە یەکگرتووەدا کردووە.

 

پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی تێکۆشان

کەمپەینی”سێ‌شەممەکانی نا بۆ لەسیدارەدان” لە کۆتاییدا جەختی کردۆتەوەکە «تا هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و هێنانەدی دادپەروەریەکی ڕاستەقینە لە ئێراندا، واز لە تێکۆشان ناهێنن و دەنگی بەرزی دادخوازی و بەرگریکردن لە ماف و کەرامەتی مرۆڤ، هەر هەفتەیەک بە هێزێک و گڕووتینێکی زیاترەوە بەرز دەکەنەوە.”

Live
Hide picture