
بانکی ناوەندی لوبنان بە فەرمانێکی فەرمی، سەرجەم دامەزراوە داراییە مۆڵەتپێدراوەکانی ئەو وڵاتەی لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دامەزراوەی «القرض الحسن»، کە دەگوترێ سەر بە حزبوڵڵایە، قەدەغە کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ (١٥ی تەمموز) بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی گوت، ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەرچووە و هەموو جۆرە هاوکارییەکی دارایی لەگەڵ ئەم دامەزراوەیە، کە مۆڵەتی نییە، لەخۆ دەگرێت.
وتەبێژی بانکی ناوەندی لوبنانیش ڕایگەیاندووە، ئامانج لەم بڕیارە، هاوتەریبی سیستەمی دارایی لوبنانە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها بەهێزکردنی چاودێری سەر جووڵەی داراییەکانە.
تۆماس باراک، نێردراوی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کارووباری لوبنان، کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەیرووتی کردبوو، پێشوازی لەم هەنگاوە کردووە و وەک «هەنگاوێک درووست بەرەو ئاراستەی تەندروستی دارایی لوبنان»ی داناوە.
ئەم بڕیارە دوای چەندین مانگ گفتوگۆ و گوشاری ئەمریکا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر دەوڵەتی لوبنانە، دراوە. بەرپرسێکی لوبنانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: «لە ژێر گوشاری جیهانیدا، هیچ چارەیەکمان نەبوو جگەلەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئابووری هوتەریبی حیزبوڵڵا بپسێنین.»
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بانکەکانی لوبنان بەشێوەیەکی گشتی، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاەوە، خۆیان لە هاوکاری لەگەڵ “قرض الحسن” نەداوە، بەڵام ئەم فەرمانەی بانکی ناوەندی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ قەدەغەکردنی ئەم پەیوەندییانە دەست نیشان دەکات.
“قرض الحسن” لە لایەن ڕەخنەگرانەوە وەک باڵی دارایی حیزبوڵڵا ناسراوە کە تۆڕێکی بەرفراوانی قەرزی بچووک و خزمەتگوزارییە داراییەکان لە ناوچەکانی ژێر نفوزی ئەم گرووپە پێشکەش دەکات.
شارەزایان پێیان وایە ئەم قەدەغەکردنە دەتوانێت پێوەندییە داراییەکانی حیزبوڵڵا سنووردار بکات، بەڵام وێدەچێ ململانێ ناوخۆییەکانیش زیاتر بکات، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە لوبنان لە قەیرانێکی ئابووری قووڵدایە.
