ئەمیر کەریمی: پڕۆژەی ئەمریکا بۆ ئێران ناڕونە بەڵام حزبە کوردیەکان لە سەر نەمانی دیکتاتۆریەت یەکدەنگن

ڕۆژنامەی ئیندیپێندێتی عەرەبی، سەربارەت بە جەنگ و داهاتووی ئێران،چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک، ئەنجام داوە. ئەمیر کەریمی باس لەوەدەکات: پڕۆژەی ئەمریکا بۆ ئێران ناڕونە بەڵام حزبە کوردییەکان لە سەر نەمانی دیکتاتۆریەت یەکدەنگن.

ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت ی عەرەبی سەبارەت بە داهاتووی ئێران، ڕوانگەی ئەمریکا لەوبارەوە، هەروەها پەیوەندی پەژاک لە گەڵ ئەمریکا وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە.

ئەمیر کەریمی باسی لەوەکرد: پەژاک هیچ پشتگیرییەکی لە هیچ وڵاتێک، بە تایبەتی لە ئەمریکا وەرنەگرتووە، ئەگەر لە گەڵ ئەمریکا گفتوگۆش کرابێت، لەچوارچێوەی گۆڕینی بیروڕا و لێک تێگەیشتن بووە.

ڕاشیگەیاند: هیچ نیشانەیەک نییە ئەمریکا مەیلی ڕووخانی ڕژێمی تارانی هەبێت، هیچ پرۆژەیەکی ڕوون لەلایەن ترەمپ و ئەمریکاوە دەربارەی بابەتە گرنگەکان، وەک داهاتووی ئێران، دیموکراسی و کێشەی کوردی نابینێت.

لە چاوپێکەوتنەکەی ئیندیپێندێت هاتووە: کەریمی پێیوایە “باشترین و کاریگەرترین ڕێگا بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئێران، شۆڕشی دیموکراتیکی گەلانی ئێرانە. گەلانی ئێران لە ساڵانی ڕابردوو چەندین سەرهەڵدانی گەورەیان ئەنجامداوە، کە سەرەکیترینیان شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و سەرهەڵدانی سەرتاسەری مانگی بەفرانبارە کە بەردەوامی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بوو.

هاوسەرۆکی پەژاک دەڵێت: ئەو شۆڕشانە ڕژێمی ئێرانیان تا لێواری ڕووخان برد، ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەڕاستی دژی ڕژێم بونایە و پشتگیرییان لە سەرهەڵدانەکان کردبایە، بەڵکوو پێویستیان بەم جەنگەی ئێستا نەبووایە. بەڵام ئەوان گەلانیان بەرانبەر ئەو ڕژێمە کە خەڵک بێ باکانە کۆمەڵکوژ دەکات تەنها هێشتەوە.

سەبارەت بەداهاتوی ئێران ئەمیر کەریمی باسی لەوەکرد: ئامانجی سەرەکی پەژاک بنیاتنانی ئێرانێکی دیموکرات و نا ناوەندییە، کە تێیدا کێشەی کورد لە ڕێگای سیاسی و یاسایی چارەسەر بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: پەژاک لەتەنیشت نیگەرانی لە ناڕوونی روانگەی ئەمریکا، نیگەرانیشی لە روانگەی تورکیا هەیە، چونکە تورکیا سەرباری ئەوەی دژی گەلی کوردە، هەروەها نیگەرانە لەوەش کە گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا ڕوو بدات، بۆیە پشتگیری ڕژێمی ئێران دەکات.

لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا ئاماژە بەوە دەدەن کە نەخشەیەکی تورکیان هەیە بۆ داگیرکردنی بەشێکی رۆژئاوای ئێران کە کورد و ئازەری پێکەوە تیادا دەژین.

Live
Hide picture