
ئەستفان ئەسملی، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری یەکێتی نیشتمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بەریتانیا (یونیسۆن) و چالاکوانی کەمپینی “ئاشتی لە کوردستان”، جەختی کردەوە کە ئازادی جەستەیی عەبدۆڵا ئۆجەلان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵێکی “گرنگ و هێمایینی” هەیە.
ئەسملی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی “مێزۆپۆتامیا”، ئاماژەی بە یەکەم ئاشنابوونی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان کرد کە لە رێگەی پەنابەرێکی کوردەوە لە سکۆتلەند بووە و گوتی: «کاتێک سەردانی ئامەد (دیاربەکر)م کرد، ئەو راستییانەی کە بە چاوی خۆم بینییم زۆر تاڵ بوون؛ ئازاری خەڵک قووڵ و قورس بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرگری و ئیرادەیان بۆ ئازادی رادەربڕین، مافی رێکخستن و پاراستنی ناسنامەیان سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش بوو. ئەو رۆژانە تەنانەت وشەی “کوردستان”یش بە ترس و بە نهێنی دەوترا.»
“کوردەکان پیشەنگی خەباتی دیموکراتیکن”
ئەم چالاکوانە کرێکارییە ئاماژەی بە بیرۆکە و بانگەوازەکانی ” عەبدۆڵا ئۆجەلان ” کرد و وتی: «بانگەوازی ئۆجەلان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، هەر وەکوو رابردوو ئیلهامبەخش و دیاریکەرە. بڕیاری پەکەکە بۆ چەکدانان و بەڕێوەبردنی مەراسیمی هێمایینی سوتاندنی چەکەکان، هەنگاوێکی بوێرانە و شۆرشگێڕانە بوو. سەرەڕای ئەوە، حکومەت هەنگاوی پێویست و هاوشێوەی نەهاویشت. ئەمڕۆ هەموومان دان بەوەدا دەنێین کە ئازادی و دادپەروەری دەبێ لە رێگەی دیموکراسی و ئاشتییەوە بەدیبهێنرێت، و کوردەکان جارێکی دیکە لەم رێگەیەدا رۆڵی پێشەنگ دەگێڕن.»
“ئازادی ئۆجەلان نیشانەی ئازادی هەموو گەلانە”
ئەسملی ئازادی عەبدۆڵا ئۆجەلانی وەک کلیلی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی وەسف کرد و گوتی: «ئازادی ئۆجەلان نوێنەرایەتی ئازادی هەموو خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکی تورکیاش دەکات. پرۆسەی ئاشتی نابێ تەنها بە یەک کەسەوە ببەسترێت، بەڵام ئەگەر کەسێک رێگە و خواستی کۆمەڵگەیەک نیوێنەرایەتی دەکات، دەبێ ئازاد بێت تا بتوانێ لەگەڵ پەرلەمان، خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وتووێژ بکات. ئەمڕۆ جیهان پێویستی بە قسەکەرێک هەیە کە راستییەکان بڵێت، و ئۆجالان لە راستیدا ئەو کەسایەتییەیە.»
“کێشەکە تەنیا تورکیا نییە؛ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێوەگلاوە”
بە گوتەی ئەسملی، چارەسەری دیموکراتیکی کێشەی کورد نەک تەنیا تورکیا، بەڵکو تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە: «ئەگەر لە تورکیا چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیموکراتیک بدۆزرێتەوە، ئەمە دەتوانێت روناکییەکی نوێ بە تەواوی هەرێمەکەدا بڵاوکاتەوە و داهاتوویەکی جیاواز بخولقێنێت. ئەم کێشەیە تەنها بە تورکیاوە سنووردار نییە، بەڵکو تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لەوە بەولاوەش دەگرێتەوە.»
ئەزموونی ئێرلەند و رۆڵی گرنگی یەکێتییەکان
ئەسملی بە وەبیرهێنانەوەی رۆڵی یەکێتییەکان لە گفتوگۆکانی ئاشتی لە ئێرلەندای باکوور گوتی: «لە ئێرلەند، یەکێتییەکان توانییان پێویستییەکانی ئاشتی بە شێوەیەکی روون و بەرچاو دەرببڕن؛ ئەو شتانەی کە هەندێک جار سیاسەتمەداران نەیاندەبین. لە تورکیاش ئەگەر هەموو دەنگەکان نەبیسترێن، پرۆسەی ئاشتی لاواز دەبێت. یەکێتییەکان دەبێ لەم پرۆسەیەدا شوێنێکی تایبەتیان هەبێت، چونکە بەبێ هێزی کار و رێکخراوە گەلییەکان، ئاشتییەکی بەردەوام بەدی نایەت.»
رەخنە لە بێدەنگی حکومەتی بەریتانیا
ئەسملی رەخنەی لە هەڵوێستی حکومەتی بەریتانیا لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا گرت و گوتی: «لەندەن دەبێ بە ئاشکراییەکی زیاترەوە لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە هەڵوێست وەربگرێت. من لە لایەن خۆمەوە و بە نوێنەرایەتی یەکێتییەکەم نامەیەکم بۆ حکومەت نووسیوە و باوەڕم وایە کە دەبێ هەوڵی زیاتر بدەن. لە سکۆتلەند کۆمەڵگەیەکی گەورەی کوردەکان دەژین و ئێمە ئەرکمانە کە بە پشتگیریکردنیان، بوێری ئەوان بۆ قسەکردن لەسەر وڵاتەکەیان بەهێز بکەین.»
