
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، راگەیاند کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەکەکانی دادەنێت و “سەردەمێکی نوێ” لە مێژووی وڵاتدا دەستپێدەکات. ئەو ئاشکرای کرد کە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا پێکدەهێنرێت.
ئەردۆغان ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە قزلجەحمامی ئەنقەرە وتی: «یەکەم هەنگاو پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان دەبێت.»
ئەو جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانی فراوان لەم پرۆسەیە کرد و وتی: «ئەمڕۆ سەرەتای سەردەمێکی نوێیە. ئەمڕۆ لایەرەیەکی نوێ لە مێژوودا هەڵدرایەوە، و دەرگاکانی تورکیای گەورە و بەهێز بە تەواوی کراونەتەوە.»
سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بە ٤٧ ساڵ شەڕی دەوڵەت لەگەڵ پەکەکە، رەخنەی لە هەڵسوکەوتی حکومەتەکانی پێشوو گرت و گوتی: « ئۆپەراسیۆنەکانی ئۆتۆمبیلی “توروس سپی”، کوشتنی خەڵکی سڤیل، کۆچبەری زۆرەملی، سووتاندنی گوندەکان، قەدەغەی قسە کردن بە زمانی کوردی لەسەر ئەو دایکانەی سەردانی رۆلەکانیان لە زینداندا دەکرد، لە دەرەوەی یاسا دا بوون و شەرعییەتیان نەبوو.»
ئەو گوتی” ئێمە هەموومان تاوانی ئەو هەڵانەمان داوە”.
ئەردۆغان زیانی ئابووریی ئەم پێکدادانانەی بە نزیکەی ٢ تریلیۆن دۆلار هەژمار کرد گوتی کە شەڕ کەلێنێکی گەوەی کۆمەڵایەتیشی درووست کرد و کۆمەڵگای لێک ترازاند.
ئەو جەختی لەسەر یەکگرتوویی کردەوە و وتی: «ئەگەر تورک و کورد و عەرەب پێکەوە بن، سەردەکەوین. بەڵام ئەگەر لێک دابڕێین، ئەوە تووشی شکست دەبین.»
لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا ئەو داوای گفتوگۆ لەجیاتی توندوتیژی کرد و گوتی: «ئێمە دادەنیشین و بە دڵێکی پاکەوە لەگەڵ یەک قسە دەکەین، نەک بە چەک.»
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بە بەشداریی پارتی داد و گەشەپێدان، پارتی جوڵانەوەی نەتەوەپەرست و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانیدا کرد و وتی کە ئەم دامەزراوەیە بەرپرسیاری رەخساندنی پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتی دەبێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بە گفتوگۆکانی پێشوو لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک سری سوریا، پەرڤین بوڵدان و مەدحەت سەنجەر کرد و وتی: «گفتوگۆ پێشتر کراوە و ئەمڕۆش دەکرێت. شتی جوانتر لە رێگەدایە.»
ئەو جەختی لە بەردەوامیی هاوکاریی نێوان پارتەکان لەم پرۆسەیەدا کرد.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بە پێویستی یەکگرتوویی کرد و وتی: «کاتێک دەست لە ناو دەستی یەک بنێین، ئاستەنگەکان تێدەپەڕێنین. ئێمە چیتر پێویستیمان هەڕەشە و گوڕەشە نییە.»
دوێنێ پۆلێک لە هێزەکانی گەریلاکانی لە رێورەسمێکدا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبۆلیک چەکەکانی خۆیان دانا و ئاوریان تێبەردا.
ئەمە وڵامدانەوەیەک بوو بە راگەیەندراوەکەی سەرۆک ئاپۆ لە مانگی مەیدا کە داوای کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری و پەڕێنەوە بۆ سیاسەتی دیموکراتیکی کردبوو.
ئەو داخوازییە لە لایەن کۆنگرەی پەکەکە وە پەسەند کرا و لە بڕیارێکدا پارتی کرێکارانی کوردستان خۆی هەڵوەشاندەوە و ئامادەیی خۆی بۆ وەلانانی چەک دەربڕی.
هەر دۆنەکە و دوای رێوڕەسمی سووتاندنی چەکەکان، ” بەسێ هۆزات”، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان دوای کرد کە دوڵەتی تورکیا دەبێت بە کردەوە گۆڕانکاریی یاسایی ئەنجام بدات و بەستێنی قانوونی بۆ بەردەوامی و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بڕەخسێنێت.
