ئێران: گەڕانەوەی سزاکان هەناردەی نەوت بۆ چین راناگرێت

ئێران هۆشدارییەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان رەت دەکاتەوە. وەزیری نەوتی ئەو وڵاتە دەڵێت کە هەناردەی نەوت بۆ چین، گرنگترین کڕیاری نەوتی تاران، تەنانەت لە ئەگەری چالاکبوونی میکانیزمی پەلەپیتکەشدا بەردەوام دەبێت. ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە لە پەڕاوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دیپلۆماسییەکی چڕ بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی سزاکان لە ئارادایە.

موحسن پاک‌نژاد، وەزیری نەوتی ئێران، ئەمڕۆ ٢٤ی سێپتەمبەر بە رۆژنامەنووسانی وت کە فرۆشتنی نەوت بە چین “بەبێ کێشە” بەردەوام دەبێت و سزا نوێکان “بارێکی زۆر” قورس بەوانەی ئێستاوە زیاد ناکەن. ئەو ئەوەی بیرهێناوە کە ئێران ساڵانێکە لە ژێر زەختی سزا یەک‌لایەنەکانی ئەمریکادایە و میکانیزمەکانی دەور لێدانەوەی ئەو سزایانە دەزانێ.

بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کپلر، چین لەم مانگانەی دواییەدا رۆژانە نزیکەی ١.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە کە نزیکەی ٩٠٪ی کۆی هەناردەی تارانە.

شارەزایان دەڵێن بەهەرزان فرۆشتنی نەوت و گواستنەوەی بارەکان لە ئاوەکانی مالیزیا یان بەکارهێنانی ئاڵای وڵاتانی سێیەم، ئامرازە سەرەکییەکانی ئێران بۆ پاراستنی هەناردە نەوتی بووە.

وڵاتانی ئەورووپی، فەرەنسا، ئەڵمانیا، و بەریتانیا، لە ٢٨ی ئاب رەوتێکی ٣٠ رۆژەی گەڕانەوەی سزاکانیان دەستپێکرد و تارانیان بە پێشێلکردنی جددی رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ تۆمەتبار کرد. ئەگەر ئەم سێ ولاتە و ئێران تا ٢٧ی سێپتامبەر نەگەنە رێککەوتن، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانە قەدەغەکردنی چەک و دەستبەسەرداگرتنی سامانی ماڵی ئێران لە دەرەوە، جارێکی دیکە چالاک دەبنەوە.

رووسیا و چین ئەم رەوتەیان بە نایاسایی زانیوە، بەڵام هێشتا روون نییە کە ئایا ئەم سزایانە، ئەگەر گەڕانەوە، جێبەجێ دەکەن یان نا.

لە هەمان کاتدا، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، دانووستانی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکای رەتکردۆتەوە و دەڵێت پیتاندنی ئۆرانیوم بەردەوام دەبێت. ئەم هەڵوێستانە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن پێش ٢٧ی سێپتەمبەری کەم کردۆتەوە.

بۆ ئێران کە نزیکەی ٤٠٪ی بودجەی لە نەوتەوە دابین دەکرێت، بەردەوامی هەناردە بۆ چین گرنگە. شارەزایان دەڵێن تینووێتی پەکین بۆ نەوتی هەرزان، ئەو دەرفەتە بە تاران دەدات کە گوشاری سزاکان کەم کاتەوە، بەڵام داهاتووی ئەم ستراتیژە بە ئەنجامی گفتوگۆکانی رۆژانی داهاتووەوە بەستراوەتەوە.

Live
Hide picture