ئێران لە دوای شەڕی ١٢ رۆژەوە؛ لە نێوان بەرداشی سەرکوت و رێفۆرمدا

ئەمساڵ، ئێران سەردەمێکی کورت بەڵام پڕ لە ئاڵۆزی بەخۆوە بینی کە میدیاکان ناوی “شەڕی ١٢ رۆژە” یان لێناوە. ئەم قەیرانە، کە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ململانێ ناوخۆییەکان لەخۆ دەگرێت، کاریگەری بەربڵاوی لەسەر کۆمەڵگای ئێران داناوە؛ لە خوێندنەوەی نوێ بو سیاسەتی ناوخۆیی و کۆڕانکاری کۆمەڵایەتییەوە بگرە تاکوو گۆرانکاری لە روانگەی ئابووری و چاوەڕوانییەکانی خەڵک لە حکوومەت.

دوای ئەوەی تەپووتۆزی ململانێکان دامرکاوە، کۆمەڵێک ویستی نوێ لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەدەرکەوت کە دەتوانێت داهاتووی ئێران بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بخاتە ژێر کاریگەرییەوە.

کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی شەڕ

شەڕی ١٢ رۆژە هەرچەندە کە کورت بوو، بەڵام کاریگەری قووڵی دەروونی لەسەر کۆمەڵگای ئێران هەبوو. دەسەڵات، بە ئامانجی راکێشانی لایەنگری خەڵک، هەوڵی دا هەستی نەتەوەیی و یەکگرتووی کۆمەڵایەتی لەم قۆناغەدا گەشە پێ‌بدات. ئامانجی ئەوە بوو، هاووڵاتیان بە بێ لەبەرچاوگرتنی روانگە و مەیلی سیاسییان داوەت بە چەشنێک یەکگرتووی نەتەوەیی بکات، بەڵام خەڵک روویەکی خۆشیان بەم دەستپێشخەرییە نیشان نەدا.

لە هەمانکاتدا، ئەم قەیرانە ئەوەی دەرخست کە کۆمەڵگای ئێران تووشی کۆمەڵێک کێشەی پێکهاتەیی بووە: گەندەڵی ئیداری، کێشە لە کارگێڕی قەیراندا، و سنووردارکردنی بەربڵاوی دەستراگەیشتن بە زانیاری و ئازادییە جڤاکییەکان. کۆمەڵناسان پێیان وایە کە ئەم دۆخە، خەڵکی سەبارەت بە کار و کردەوەکانی حکوومەت هەستیارتر کردۆتەوە.

خواستگەلی ریفۆرمخوازانە و سیاسەتی ناوخۆیی
دوای کۆتایی هاتنی شەڕ، بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگای ئێران، بەتایبەتی نەوەی نوێ، کۆمەڵێک خواستی نوێیان هێناوەتە ئاراوە. ئەم خواستانە نەمانی گەندەڵی، شەفافیەت لە بەڕێوەبەری ئابووری، ئازادی تەنتەرنێت، دەستراگەیشتنی ئازاد بە زانیاری، و پێداچوونەوە بە سیاسەتگەلی کۆمەڵایەتی و کولتووری لەخۆ دەگرێت. کارەکتەرە سیاسییە ریفۆرمخوازەکان و هەندێک چالاکی مەدەنی نزیک لەم رەوتە سیاسییە لەسەر ئەو بڕوایەن کە بە بێ مل دان بەم خواستانە، کەلێنی نێوان خەڵک و حکوومەت قووڵتر دەبێتەوە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی تێکدەچێت.

لەم نێوەدا، دەوڵەت هەوڵی داوە تا بە هەندێک کردەوەی سنووردار، ئەم گوشارانە کارگێڕی بکات؛ بەڵام کەلێنی قووڵی نێوان خواستی خەڵک و کردەوەکانی حکوومەت، ئەگەری هەرچەشنە ریفۆرمیکی کەم کردۆتەوە.

 

ئابووری لەژێر زەختی گەمارۆکاندا

ئابووری ئێرانیش بە هۆی شەڕ و ململانێ سیاسییەکان لە ژیر گوشاردایە. کەم‌بوونەوەی داهاتی نەوت، داڕمانی بەهای تمەن و هەڵکشانی هەڵاوسان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک داناوە.

بەشێکی بەرچاو لە بنەماڵەکان کیشەی بژێوی ژیانیان هەیە و دەستیان بەو کەلووپەلانەی کە بۆ ژیانی رۆژانە پێویستە، راناگا. ئەم باروودۆخە بووەتە هۆی گەشەی نارەزایەتی کۆمەڵایەتی و گوشار بۆ سەر حکوومەت بۆ ئەوەی کۆڕانکاری ئابووری بکات.

پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە کە بە بێ ئەوەی کۆڕانکاری پێکهاتەیی بکرێت و گەندەڵی کەم بکرێتەوە، توانایی ئێران بۆ بەرەنگاری گەمارۆکان و گوشارە ئابوورییەکان زۆر سنووردار دەبێت. هەر ئێستا دەسەڵات لە دابین کردنی پێداویستی سەرەتایی خەڵک لە بواری ئاو و کارەبادا ماوەتەوە و هەر ئەمەش قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە.

رۆڵی دیپلۆماسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان

شەڕی ١٢ رۆژە و دەرەنجامەکانی، پێگەی ئێرانی لە پێوەندییە نیودەوڵەتییەکاندا خستۆتە ژیر باندۆرەوە. گوشارەکانی ئەمریکا و ئەورووپا، بەتایبەت لەسەر بەرنامەی ناوەکی و گەمارۆ ئابوورییەکان، هێشتا بەردەوامە.

سەرەڕای ئەوە، ئێران هەوڵ دەدات بە هاوکاری لەگەڵ هەندێک وڵاتی هەرێمی و لەکارکردنی توانای ئابووری ناوخۆیی، کاریگەری ئەم گوشارانە کەم کاتەوە. ئەم رێکارە، پێویستی بە ستراتیژییەکی وردە لە بواری سیاسەت و ئابووریدا، کە نەک تەنیا پێگەی ئێران لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بپارێزێت، بەڵکوو وڵامی داواکارییە نێوخۆییەکانی خەڵکیش بداتەوە.

بەلەبەرچاو گرتنی رەوتی رووداوەکان، ئاسۆیەکی روون لەم بوارەدا وەدی ناکرێت و دەسەڵات تاکوو ئێستا لەم بوارەدا هەنگاوی کاریگەری هەڵنەگرتۆتەوە.

رەوتی رووداوەکان
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم گۆڕانکاریانە، وێدەچێت رژیمی ئێران لە داهاتووی نزیکدا دوو رێگای لەبەردەمدا بێت: یان گۆڕانکاری کاریگەری کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکرێت و کەلێنی نێوان خەڵک و حکوومەت تا ئاستێک کەم دەکرێتەوە، یان گوشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان درێژەیان دەبێت و سەقامگیری ناوخۆیی دەکەوێتە مەترسییەوە.

لە هەردوو دۆخەکەدا، گەنجان، چالاکوانانی مەدەنی و بڕیاردەرانی سیاسی رۆڵی سەرەکیان دەبێت. سەرکەوتن لە کارگێڕی ئەم قۆناغە هەستیارەدا، نەک تەنیا کاریگەری لەسەر باروودۆخی ئابووری خەڵک دەبێت بەڵکوو پێگەی سیاسی و ئابووری ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دەخاتە ژێر باندۆرەوە.

بە گوێرەی ئەو رەوتەی دەسەڵات تاکوو ئیستا گرتوویەتە بەر، وێدەچێ ئیرادەیەکی جیدی بۆ گۆرانکاری لە روانگەی بەڕێوەبەری و حوکمڕانیدا نەهاتۆتە ئاراوە. دەسەڵات ئەگەرچی توانای وڵامدانەوە بە ئیسرائیل و ئەمریکای نەبوو، بەڵام لە بەرامبەر خواستی خەڵکیشدا پاشەکشەی نەکردووە.

Live
Hide picture