
ئێهود ئۆڵمێرت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، گوتوویەتی: ئەگەر ئامانج گۆڕینی ڕژێمی ئێرانە، دەبێ ئەو گۆڕینە لە ناوخۆوە ڕووبدات.ئەو گوتانەی ئۆلمێرت کاردانەوەیەکە بەو هەڕەشانەی دۆنالد تڕەمپ بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەت لەو دواییانەدا کە گوتبووی: “لەئەگەری سەرکوت و کوشتاری خۆپێشاندەران، ئەمریکا کاردانەوەی سەربازیی دەبێت”.
ئێهود ئۆلمێرت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل بە ماڵپەڕی یۆرۆنیوزی گوتووە کە ئەو پێی وایە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە ئێران دەبێ لە ناوخۆوە و لە لایەن هێزە زیاتر “میانڕەوەکان”ەوە ڕێبەری بکرێت.
ئێهود ئۆلێرت هەروەها گوتی: لە کۆتاییدا ڕژێمی ئیران هەر لەناوخۆ و لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە دەگۆڕدرێت”. ناوبراو هیوای خواست تێچووی ئەو گۆڕینە زۆر نەبێت، خەڵکی زۆر نەکووژرێت، وەک ئەوەی کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەدا ڕوویداوە.
ئێهود ئۆلمێرت لەو بارەیەوە بە یۆرۆنیوزی گوتووە: تڕەمپ جارێ هەڕەشە دەکات و تەنانەت ئەگەر ئەمریکا هێرشێکی بەربڵاویش بکات، لەوانە نییە، ڕژێمی ئێران بڕووخێت.
ئێهود ئۆلمێرت کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٩ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە، لە کۆتاییدا ئاماژەی بە وتووێژەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران کردووە هیوای خواستووە ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە کە کۆتایی بە تەماحە ئەتۆمییەکانی ئێران و پڕۆگرامە مووشەکییە بالیستییەکانی بهێنێت، هەرچەندە دانی بەوەدا ناوە کە گەشبین نییە.
ئەو پێی وایە واشنتۆن و تاران بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان هەیە لەوەی کە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران وەک بابەتێکی ئاوارتە نیشان نەدەن.
ئۆڵمێرت وتی: “پێم وایە هەر دوولا هەمان بەرژەوەندییان هەیە. ئەمریکییەکان دەیانەوێت بڵێن کە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیان بەتەواوی تێکشکاندووە چونکە تڕەمپ پێویستی بەوەیە خۆی وەک براوەیەکی گەورە نیشان بدات، ئێرانییەکانیش دەیانەوێت ئەمریکییەکان قایل بکەن بەوەی کە ئەوەی پێویست بووە ئەنجامیان داوە”.
