
سەرەڕای هەوڵە ئاشکراکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ گۆڕینی تورکیا بە یەکێک لە یاریکەرە سەرەکییەکان لە قۆناغی دوای شەڕی غەزە، حکومەتی ئیسرائیل بە فەرمی دژایەتی خۆی بە ئامادەبوونی هێزەکانی تورکیا بۆ چاودێری ئاگربەست ڕاگەیاندووە. ئەم هەڵوێستە توندە، نەک تەنیا گورز لە بەرزەفڕییەکانی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا دەدات، بەڵکوو نیشانەی کەمبوونەوەی متمانەی هێزە ڕۆژئاواییەکان بە ڕۆڵی تورکیا لە گۆڕانکارییەکانی فەڵەستین دایە.
پلانی ترەمپ و هیواکانی ئەردۆغان
ئەردۆغان لە ٩ی ئۆکتۆبەر ڕایگەیاندبوو کە تورکیا ئامادەیە لە چوارچێوەی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەشداری لە هێزی نێودەوڵەتی بۆ چاودێری ئاگربەستی غەزەدا بکات. ئەو بە هیوا بوو بە هاوکاری قەتەر، میسر و واشنتۆن، لە هاوسەنگییەکانی نوێی دەسەڵاتدا، رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت.
میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا ئەم سیاسەتەیان وەک گەڕانەوەی ئەنقەرە بۆ دۆسیەی فەڵەستین و دەرفەتێک بۆ زیادکردنی نفووزی سیاسی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف کرد. ئەردۆغانیش هەوڵیدا لە پەیوەندی کەسی خۆی لەگەڵ ترەمپ بۆ دڵنیابوونەوە لە ئامادەبوونی تورکیا لەم هێزە نێودەوڵەتییەدا کەڵک وەربگرێت.
بەڵام ئەم هیوا زۆر زوو بوو بە بلقی سەر ئاو. بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل، ئەم وڵاتە بە ئاشکرایی ڕایگەیاندووە کە رازی نییە هێزەکانی تورکیا لە هیچ هێزێکی نێونەتەوەییدا لە غەزە بەشدار بن.
دژایەتیی ئاشکرای ئیسرائیل
جیدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە ٢٧ی ئۆکتۆبەر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە بوداپێست جەختی کردەوە:
«ئێمە بەهۆی دوژمنایەتی درێژخایەنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ئیسرائیل، دژ بە ئامادەبوونی هێزەکانی تورکیا لە غەزەین. ئەم هەڵوێستە فەرمییەمان بە دەسەڵاتدارانی ئەمریکی راگەیاندووە. ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت هێز بنێرن دەبێت لانیکەم بێلایەن بن.»
ئەم هەڵوێستە ئاشکرایە، لە ڕاستیدا وەڵامە بۆ ساڵانێک هەڵوێستی دژە ئیسرائیلی ئەردۆغان، پشتیوانی ئاشکرا لە گرووپی حەماس و پەنا دانی سەرکردەکانی ئەم گرووپە لە خاکی تورکیا.
بە باوەڕی چاودێران، ئیسرائیل لەسەر ئەم بنەمایە پێیوایە کە ئامادەبوونی تورکیا لە غەزە نەک تەنیا یارمەتی بێلایەنی نادات، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە هۆی بەرفراوانبوونی کاریگەری حەماس.
پشتی پەردەی دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل
هەرچەندە ترەمپ لە گفتوگۆکانی دواییدا ستایشی ڕۆڵی ئەردۆغانی لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەست کردبوو، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی لەوانە مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئاماژەیان کردووە کە پێکهاتەی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەبێت بە ڕەزامەندی ئیسرائیل دیاری بکرێت.
ڕووبیۆ لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل گوتی: «ئیسرائیل لەم ئەرکەدا هاوبەشی سەرەکی ئێمەیە و سروشتییە کە بەبێ ڕەزامەندی ئەو، هیچ هێزێکی بیانی لە غەزە جێگیر نەبێت.»
ئەم هەڵوێستەی واشنتۆن نیشان دەدات کە سەرەڕای ئارەزووی ترەمپ بۆ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەردۆغان، ئەمریکا بەکردەوە ئامادە نییە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی تورکیا بخاتە مەترسییەوە.
تورکیا لە پەڕاوێزدا و میسر لە چەقی رووداوەکاندا
بەپێی ڕاپۆرتی گاردیەن، تورکیا بە ئەگەری زۆر لە هێزی ٥٠٠٠ کەسی نێودەوڵەتی کە بڕیارە بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی دوای شەڕ لە غەزە پێک بهێنرێت، لادەدرێت. ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ نیشانەی بێمتمانەیی ئیسرائیل بە ئەنقەرەیە.
لە بەرامبەردا، میسر وەک هەڵبژاردەی سەرەکی بۆ سەرکردایەتی ئەم ئەرکە دیاری کراوە. وڵاتانی وەک ئیمارات و ئیندۆنیزیاش بۆ بەشداری لە ژێر تاوتوێکردندان. ئەم هێزانە بڕیارە لە ژێر چاودێری ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە ڕێگەی «ناوەندی هەماهەنگی سەربازی ـ مەدەنی» (CMCC) کە لە شاری کریات گات ئیسرائیلە کار بکەن.
ئەم ناوەندە، ئەرکی هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنە مەیدانی، چەکداماڵینی حەماس و دابینکردنی بەستێن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتی فەڵەستینی لە ئەستۆیە. هەرچەندە هێشتا لەسەر پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی ئەم حکومەتە ڕێککەوتنێک نەکراوە، بەڵام ئاشکرایە کە تورکیا لە هیچ بەشێکی سەرەکی ئەم پلانەدا جێگایەکی نییە.
