
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی «ڕۆیتەرز» و بە پشت بەستن بە وتەی شەش سەرچاوەی ئاگادار، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی هێزەکانی لە بنکەیەکی ئاسمانی لە دیمەشق جێگیر بکات. ئامانج لەم کارە چاودێری و پشتگیری لە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان سووریا و ئیسرائیل راگەیەندراوە.
ئەم ڕاپۆرتە کە بۆ یەکەم جار پەردە لەسەر پلانێکی لەم جۆرە لادەدات، ئاماژەیە بۆ نزیک بوونەوەی ستراتیژی دیمەشق و واشنتۆنە دوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە ساڵی ڕابردوودا. ئەسەد پێشتر هاوپەیمانی سەرەکی ئێران لە سووریا بوو.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بنکەی ئاماژە پێکراو لە ناوچەکانی باشووری سووریادا هەڵکەوتووە؛ ناوچەیەک کە بڕیارە لە چوارچێوەی پەیمانی نێوان ئیسرائیل و سووریا ببێتە ناوچەیەکی سڤیل. حکومەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، نێوەندگیری ئەم ڕێککەوتنەیە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ترەمپ ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی سووریا کۆدەبێتەوە. ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی حکومەتی سووریا بۆ واشنتۆن لە مێژووی پەیوەندییەکانی دوو وڵاتدایە.
شەش سەرچاوەی ئاگادار لە نێویاندا دوو بەرپرسی ڕۆژئاوایی و بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سووریا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە واشنتۆن ئەم بنکەیە بۆ چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و تەلئاویب بەکاردەهێنێت.
ڕۆیتەرز زیادیشی کردووە کە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پەنتاگۆن) و وەزارەتی دەرەوەی سووریا تا ئێستا لە وەڵامدانەوەی داواکاری ئەم ئاژانسە بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە خۆیان پاراستووە.
بەرپرسێکی حکومەتی ئەمریکا بە ڕۆیتەرزی وتووە: «ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام بوونی سەربازی لە سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەری داعش هەڵدەسەنگێنێت و لەسەر شوێنی جێگیرکردنی هێزەکانی لێدوان نادات.»
بە وتەی بەرپرسێکی سەربازی ڕۆژئاوایی، پەنتاگۆن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا چەند ئەرکێکی پشکنینی لەم بنکەیە ئەنجامداوە و ئەنجامەکان نیشانیان داوە کە ڕێڕەوی فڕینەکەکەی بۆ بەکارهێنانی دەستبەجێ ئامادەیە.
دوو سەرچاوەی سەربازی سووریش وتوویانە کە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان هەردوو لایەن لەسەر بەکارهێنانی بنکەکە بۆ کاری لۆجستیکی، چاودێری، سووتەمەنی و ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان بەردەوامە. بەڵام، حکومەتی کاتی سووریا جەخت لەسەر پاراستنی سەروەری تەواوی خۆی بەسەر ئەم دامەزراوانەدا دەکاتەوە.
هەروەها بەرپرسێکی بەرگری سووری ئاشکرای کردووە کە فڕۆکەی گواستنەوەی C-130 ئەمریکی بۆ تاقیکردنەوەی توانای ڕێڕەوەکە لەم بنکەیە نیشتوونەتەوە. هێشتا کاتی دیاریکراوی ناردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەم شوێنە دیار نییە.
لە ئێستادا، ئەمریکا نزیکەی هەزار سەربازی لە ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا/ڕۆژئاوا هەیە. ئەم هێزانە یارمەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قسەدە) لە ئۆپەراسیۆنی دژی گرووپی داعشدا دەدەن. پەنتاگۆن لە مانگی نیساندا ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی هێزەکانی لەو ناوچەیە کەم کردووەتەوە.
