
ڕێبەر عەبدولڵا ئۆجالان لە پەیامێکدا کە لە نەورۆزی جەماوەریی ئامەد خوێندرایەوە، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ڕەمەزان، پیرۆزبایی لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و جەختی لەسەر گرنگیی ئاشتی، یەکێتی و پێکەوەژیان کردەوە. رێبەر ئۆجالان بەبیری هێنایەوە کە نەورۆز هێمای بەرخۆدان، ژیانەوە و نوێبوونەوەی گەلانە و لە مێژوودا وەک سیمبولی دژی ستەم و زۆرداری ناسراوە.
لە پەیامەکەیدا، ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوە دا کە شەڕە ئاینی، مەزهەبی و نەتەوەییەکان لە ناوچەکەدا بوونەتە هۆی دابڕان و قووڵبوونەوەی کێشەکان، و بەردەوامیی ئەم سیاسەتانە کارەساتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
ڕێبەری گەلی کورد ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ دەرفەتێکی نوێ هەیە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە و دروستکردنی ژینگەیەکی ئازاد کە تێیدا گەلان بتوانن بە ئازادی پێکەوە بژین.
ڕێبەر ئاپۆ هەروەها جەختی کردەوە کە پێویستە کولتوور و باوەڕیەکان پێکەوە بژین و بەسەر بیرۆکە توندە نەتەوەپەرستییەکاندا زاڵبین. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە پرۆسەی دەستپێکراو لە ساڵی ٢٠٢٥ ئامانجی بنیاتنانی یەکڕیزی و دیموکراسی هەیە.
ڕێبەر ئاپۆ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نەورۆزی ٢٠٢٦ی وەک قۆناغێکی مێژوویی ناساند کە دەبێتە هۆی زیندووبوونەوەی بەهاکانی ئازادی و یەکێتی. لەم سۆنگەیەشەوە بانگەوازی کرد بۆ جێبەجێکردنی فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و پێشکەوتوو.
هەروەها هۆشیاری دا لە مەترسییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و تەئکیدی لەسەر چارەسەری دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی کردەوە.
ڕیبەر ئۆجالان هیواداری دەربڕی کە نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێکی ساڵێکی نوێی ئازادی و ئاشتی بۆ هەموو گەلان، و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەم ڕۆح و ئیرادەیە ڕاگەیاند.
دەقی پەیامەکە بەمشێوەیەیە:
دەقی پەیامەکەی رێبەر ئۆجالان:
داستانی نەورۆز، هەزاران ساڵە لە لایەن گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، وەک جەژنی ژیانەوە، بەرخۆدان و بەهار پیرۆز دەکرێت.
نەورۆز ڕۆحی بەرخۆدان و ژیانەوەی گەلانی ئێمەی زیندوو کردەوە.
سیمبول و هێماکانی نەورۆز، گوزارشت لە رۆحیەتی ئەم ناوچەیە دەکەن. زوحاک نوێنەرایەتیی سیستەمی شارستانێەتی دەوڵەتگەرایی دەکات؛ ئەو مارانەی لەسەر شانین و هەموو ڕۆژێک مێشکی دوو گەنج دەخۆن، نیشانەی دڕندەیی دەوڵەتی ئاشوورییە، کاوەی ئاسنگەریش ڕەمزی بەرخۆدانە لە دژی زوڵم و ستەم.
شەڕە ئایینی، مەزهەبی و کلتوورییەکان کە هەزار ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچن، گەورەترین گورزن لە کولتووری ژیانی هاوبەشی نێوان گەلان. هەرکات ناسنامە و باوەڕییەک هەوڵ دەدات بە پاشەکشە بۆ نێو قاوغی خۆی، ئەوانی دیکە دەکاتە دوژمن، بۆ ئەوەی مانەوەی خۆی بپارێزێت، بەمشێوەیە کە کەلێنی نێوان گەلان زیاتر دەبێت. بەها و کولتوورە هاوبەشەکانمان پشتگوێ دەخرێن و جیاوازییەکانمان وەک هۆکاری شەڕ دەبینرێن.
پێداگریی بەردەوام، لەسەر سیاسەتە کۆنەکان لە ناوچەکەدا، کارەساتی خوڵقاندووە. ئەو پارچەبوونانەی بەهۆی سیاسەتی چەوساندنەوە، ئینکار و دوژمنایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کراون، بەداخەوە ئەمڕۆ بوونەتە پاساوی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، بۆ دەستێوەردان لە ناوچەکەدا.
هەرچەندە شەڕە ئایینی و مەزهەبییەکان، کە سێ سەدە لە وڵاتانی ئەوروپا بەردەوام بوون، بە پەیمانی وێستفالیا لە ساڵی 1648 چارەسەر کران، بەڵام بەردەوامیی ئەم ململانێیانە تا ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی تراژیدیای قووڵ بۆ گەلانی ئێمە. ئەمڕۆ دەرفەتی ئەوەمان هەیە، کلتوور و باوەڕەییەکان، سەرلەنوێ پێکەوە بژین. لە دەستی خۆماندایە ئەو ژینگەی شەڕ و پشێوییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کراوە، بگۆڕین بۆ باخچەی ئازادیی بۆ هەموو گەلان. دەتوانین ئەو نەهامەتییانەی بەسەرماندا سەپێنراون پێچەوانە بکەینەوە.
لە ئێستادا کە لاپەڕە شاراوەکانی مێژوو دەردەکەون، ئەگەری ئاشتیی نێوان گەلان و بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک زیاتر دەبێت. چەندە نەریتیەکانی دەوڵەتە سوننە و شیعەکان و هەروەها ڕەوتە نەتەوەپەرستەکان تێپەڕ بکەین، ئەوندە دەرفەتی ژیانی ئازاد لە نێوان گەلان بەهێزتر دەبێت. ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە، ڕێگە بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە خۆش بووە کە پێکەوە بە ئازادی بژین.
ئەو پڕۆسەیەی لە 27ی شوباتی 2025 دەستمان پێکرد، ئامانجی ئەوەیە بنەماکانی یەکێتییەک بەگوێرەی ڕۆحی نەورۆز ببوژێنێتەوە. بۆ ئەمەش دەبێت بڕوامان هەبێت کە کلتوور و باوەڕییەکان دەتوانن پێکەوە بژین، دەتوانین ئایدۆلۆژیا نەتەوەپەرستە بیرتەسکەکان تێپەر بکەین و لە سەر بنەمای ئاوێتەبوونی دیموکراتیک یەک بگرین. دەبێت ئەو هۆشیارییە بخەینە ڕوو، کە دەتوانین وەک مێژوومان، لە ئەمڕۆشدا، بەسەر هەموو جۆرە شەڕ، هەژاری و دڕندەییەکدا سەربکەوین.
نەورۆزی 2026، بە هەموو گەشاوەیی خۆیەوە نوێکردنەوەی ئەم مێژوویەیە. مێژوو ئێستا خۆی نیشان دەدا و دەبێتە دەرفەتێکی مەزن بۆ هۆشیاری لە سەر بنەمای ناسنامەی کلتووریی ڕاستەقینە. مانا و هێزی نەورۆز، لە ساتەوەختی ئێستادا، دێتە سەر شانۆی مێژوو. نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو خاوەن گرنگییەکی مێژوویی لەم شێوەیەن.
نەورۆزی 2026 لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە سەرلەنوێ زیندوو دەبێتەوە؛ لە ساتەوەختی ئێستادا بە هەنگاوێکی گەورە، بەرەو دیموکراسیبوون و ئاوێتەبوونی دیموکراتیک، خۆی نوێ دەکاتەوە و ڕەنگی راستەقینەی نەورۆزیی وەردەگرێت.
جەژنی نەورۆز وەک لە مێژوودا هەبووە، زیندوو دەبێتەوە و کاریگەریی خۆی لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەلمێنێت و سەرلەنوێ وەک سەمبولی یەکگرتنی دیموکراتیک لە ناوچەکەدا ڕۆڵی خۆی دەبینێت. نوێبوونەوەیەکی گرنگ ڕوودەدات و بەردەوامیش دەبێت.
نەورۆز، تا ئێستا بە نرخە هێماییەکان پیرۆز دەکرا. ئێستا نەورۆز نوێنەرایەتی خەونێک یان ئۆتۆپیایەک ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی ژیانێکی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراو و پێشکەوتوو دەکات. نەورۆز ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا چ لە ڕووی مانا و چ لە ڕووی فیزیکییەوە خۆمان دەناسینەوە. با لە نەورۆزدا خۆمان لە هەموو ئەو پەیوەندی و مانا ناتەواوانەی کە بێزارمان دەکەن پاک بکەینەوە و ژیان بە شێوازێکی پەیوەندیی شایستە، بە قووڵایی مانا، بە ئەخلاقێکی نوێی ئازادی و تێگەیشتنێکی جوانییناسیی نوێوە لەباوەش بگرین.
با فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ لە هەموو پەیوەندییەکانماندا بخەینە بواری کردەییەوە و ژیانێکی ئازاد بەدەست بهێنین. تێبگەین کە نەورۆز ئیتر تەنیا هیوا، خەون یان تیۆری نییە، بەڵکو ساتی جێبەجێکردنی کردەییە. با بە هۆشیارییەکی باڵا و قووڵایییەکی تەواوی واتا و مانا، وەڵامی ئەم ساتە کردەییە بدەینەوە.
لە جەژنی نەورۆزدا، ئەم دەرفەتەمان لە دەست دایە، کە ئەم ساڵە بگۆڕین بۆ ساڵی ئازادیی ڕاستەقینە، بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەریتی دۆستایەتی و هاوپشتی لە نێوان گەلاندا بونیاد بنێین. دەتوانین بە کۆتاییهێنان بە دابەشبوونە نەتەوەیی و ئایینی-مەزهەبییەکان و شەڕی براکوژی، و بە مسۆگەرکردنی یەکێتیی هەموو کلتوور و باوەڕییەکان، لەسەر بنەمای ئازادی و خوشک و برایەتی، ئەمە بەدی بهێنین.
لە بەرانبەر ئەو داڕمانە گەورە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەی کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دروستی کردووە، ئێمە گرێدراو بە ڕۆحی ئازادیی نەورۆزەوە، چارەسەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیکمان لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک، بنەما ژینگەیییەکان و ئازادیی ژنان پەرەپێداوە.
با ڕێگە نەدەین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کلتوور دەئافرێنێت، لە لایەن هێزە هەژموونخوازەکانەوە بکرێتە گۆڕەپانی شەڕ. وەک لە مێژوودا ڕوویداوە، ئەمڕۆش دەتوانین پێکەوە ئەو کۆسپانە وەلا بنێین کە لەبەردەم ئەم کلتوورە مەزنەدان، بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئازادیی گوزارشت لە خۆی بکات. کاتێک نەخۆشییەکانی نەتەوەپەرستی و مەزهەبگەرایی لەدوای خۆمان جێبهێڵین و کلتووری مێژوویی هاوپشتیی هەزاران ساڵەی نێوان گەلان بەهێز بکەین، هیچ بەربەستێک نامێنێت کە نەتوانین تێپەڕی بکەین.
شایستەیە، مرۆڤ بە ڕۆحی یەکێتییەوە سیاسەتی دیموکراتیک دیاری بکات. ئەگەر بمانەوێت تێکۆشانی هەزار ساڵەی چەوساوەکان، تاجی سەرکەوتنی بخەینە سەر، شوێنی ئەمە چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە رۆژئاوا، لە ژینگەی کلتووری کاپیتالیستدا نییە، بەڵکو شوێنەکەی لە ژینگەی ئازادی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدایە. دەتوانین ئاوێتەبوونی دیموکراتیک لەم خاکەدا، لەسەر بنەمایەکی ڕاستەقینە و مرۆیی، یەکێتی، هاوپشتی و دۆستایەتییەکی نوێ بونیاد بنێینەوە.
جەژنی ڕەمەزان لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ڕۆحی جەژن، ئاشتی و یەکێتی گەشەپێبدات.
نەورۆزی 2026، یەکەمجارە لە لایەن گەلانی ئێمەوە بە ڕۆحی ئاوێتەبوونی دیموکراتیک، ئاشتی و یەکێتی پیرۆز دەکرێت. من بە هەموو هێزمەوە پشتگیریی ئەم ڕۆح و ئیرادەیە دەکەم و هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ، کە بە ڕاستی شایانی ئەوەیە وەک ‘ڕۆژی نوێ’ پیرۆز بکرێت، لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە هۆی ڕێپێوانێکی شکۆمەند.
ئاشتیی بۆ هەموو گەلانم دەوێت. بە خۆشەویستییەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم.
عەبدوڵا ئۆجالان
زیندانی ئیمراڵی
21/3/2026
عەبدوڵا ئۆجالان
زیندانی ئیمرالی
٢١ـی ئاداری ٢٠٢٦”
