
پەیمان ڤیان هاوسەرۆکی، پەژاک، دەربارەی رەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوای ئەوشەڕە بۆ ڕۆژنامەی ئۆزگور پۆلیتیکا ڕایگەیاند: لەوهەلومەرجەدا هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد و بنیاتنانی ئێرانێکی دیموکراتیک زۆر گرنگە، وەک پەژاک پڕۆژەمان هەموو گەلانی ئێران دەگرێتەوە. ئەو هاوپەیمانییەش تەنها لە سنوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان نامێنێتەوە.
پەیمان ڤیان هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان،پەژاک، سەبارەت بە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەها داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی ئۆزگورپۆلیتیکای دەداتەوە.
سەبارەت بە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەڵێت: ئەو هاوپەیمانییە زۆر گرنگە، پێویستە کورد هەڵوێست و عەقڵێکی نیشتمانی هەبێت. بەڵام نابێت ئەو هاوپەیمانییە لە سنوری رۆژهەڵاتی کوردستان بمێنێتەوە. ئێمە ئەم شەڕەمان پێشبینی دەکرد. بۆ ئەوەی گەلەکەمان بتوانێت لەم شەڕەدا دەستکەوتی هەبێت و نەبێتە لایەنێکی شەڕ، لەسەر بەهێزکردنی یەکێتیی کورد هاوڕان بووین. لەڕاستیدا ئەم هاوپەیمانییە لەناو گەلدا هیوا و چاوەڕوانییەکی گەورەی دروست کرد.
پەیمان ڤیان ئاماژەی بەوەکرد: هاوپەیمانییەکە، ئەرک و بەرپرسیارێتی گەورەی هەیە. یەکەم ئەو بەڵێنیانەی دەیدەین لەسەر کاغەز نەمێننەوە. لە هەنگاوەکانی دیکەمان پەیوەندی لەگەڵ هەموو گەلانی ئێران دەبێت. هەروەها گەلانی ئێرانیش پشتگیریی خۆیان لەو هاوپەیمانییە کرد. بابەتی گرینگی دیکە دروستکردنی مکانیزمێکی هاوبەشە بۆ پاراستنی گەڵەکەمان. هەوڵ دەدەین هێزێکی هاوبەش دروست بکەین بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە ئەگەری هەر مەترسییەک. لەلایەکی دیکەوە، بنیاتنانی دیپلۆماسییەکی هاوبەشیش کە مافی گەلی کورد و گەلانی ئێران بە بنەما بگرێت، گرنگی تایبەتی هەیە.
سەبارەت بە بۆردومانی پێگە و بارەگای پارتە کوردیەکان لە باشوری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: ڕژێمی ئێران ئێستا لە دوایین ساتەکانی خۆیدایە و وەکو مارێکی برینداره وایە، ژەهرەکەی لەسەر کوردان دەڕێژێت. ئەو ڕژێمەش وەک هەموو دەسەڵاتەکانی دیکە لە هێزی کورد دەترسێت و باش دەزانێت کورد هێزێکی بنەرەتی گۆڕینی ئێرانن. نایەوێت کوردان یەک بن. چونکە بۆ ڕژێمەکان باشترین گەل، گەلی پارچەپارچەکراوە.ڕژێم ساڵانێکە نەک تەنها دژی یەکێتی گەلی کورد، بەڵکو دژی یکێتی کورد-ئازەری، کورد-فارس، کورد-بەلووچ و کورد-عەرەبیش وەساوەتەوە.
پەیمان ڤیان سەبارەت بە ڕێگەی چارەسەری هێڵی سێهەم لە میانەی ئەو شەڕەدا ئەوەی خستە ڕوو: ئەمریکا لە هێرشی بۆسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕۆژەی خۆی هەیە، ئێمەش وەک بزووتنەوەی ئازادیی بە کوردستان و گەلانی ئێران پڕۆژەی خۆمان هەیە. پڕۆژەی ئێرانی دیموکراتیک و کوردستانی ئازاد. بە تایبەت وەک پەژاک پڕۆژەمان هەموو گەلانی ئێران دەگرێتەوە. بەڵام دووبارە دەیڵێین؛ ئێمە لایەنێکی ئەم شەڕە نین. هێڵی سێیەمان پاراستووە. هێڵی سێیەم خۆی بریاری هەم شەڕ هەم ئاشتی دەدات. ئەو ڕژێمە دەبێت بروات، دەیان هەزار کەس کوژران، دەیان هەزاریش دەستبەسەر و ژیانیان لەمەترسیدایە. ئەمە تەنها گۆشەیەکە لە تاوانەکانی ئەم ڕژێمەیە.
سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزە سەربازیەکی ڕژێم لەناو شوێنە گشتییەکان ئەوە دەخاتە ڕوو: ڕژێم دەیەوێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی هێزی سەربازی لە ناوەندی شارەکان و لەنێو شوێنە گشتییەکان بهێڵێتەوە. دەبێت گەل بەهۆشیاریەوە ئەو هێزانە لەو ناوەندانە کە ژیانیان دەخاتە مەترسیەەوە دەربکەن. نابێت مۆڵەت بدەین هیچ هێزێکی دەرەکی شارەکان داگیر بکات.
ڕوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش پەیمان ڤیان هاوسەرۆکی پەژاک ڕایدەگەیەنێت: رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەختترین کاتەکاندایە، بەشەکانی دیکەی کوردستان دەبێت لەم هەلو مەرجە هەستیارەدا لای رۆژهەڵات بن. بێگومان، بچووکترین گۆڕان لە پارچەیەکی کوردستان لەسەر پارچەکانی دیکەش کاریگەری دەبێت. رۆژهەڵات لە ڕێگای شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دایە. ئەم شۆڕشە بەرهەمی تێکۆشان و ژیانی هەموو پارچەکانی کوردستانە. هەمومان رۆحێکین لە ملیۆنها جەستەدا. چارەنووسمان یەکێکە.ئێستا لەبەردەم مێژویەکی چارەنوسساز دایەن، یەک هەنگاو دەرەنگ بمێنین، مێژو لەدەست دەدین.
