
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە، ٤٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە عەمبارە هەڵگیراوەکانی خۆیان ڕەوانەی بازاڕ دەکەن. ئەمە گەورەترین دابەشکردنی عەمبارەکانە لە مێژوودا کە بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی نەوتی خاو ئەنجام دەدرێت؛ نرخێک کە بەهۆی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ ئێران، بە شێوەیەکی بەربەچاو بەرزبووەتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، دوا بە دوای کۆبوونەوەی ڤیدیۆیی سەرکردەکانی “گرووپی حەوت” دەربارەی دەرئەنجامە ئابوورییەکانی پێکدادان لەگەڵ ئێران، ڕایگەیاند کە بڕیاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بۆ بەهێزکردنی دابینکردنی نەوتی جیهانی، “پەیامێکی ڕوون دەنێرێت بە مەبەستی دابەزاندنی نرخە جیهانییەکان”.
ناوبراو وتیشی: “هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی هەموو بەرهەمهێنەران هانبدەین بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا زۆرترین بەرهەم هێنان پێشکەش بکەن”.
پاریس لە ئێستادا سەرۆکایەتیی گرووپی حەوتی لە ئەستۆیە کە پێکهاتوون لە هەر یەک لە فەرەنسا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن و بەریتانیا.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدان کە ئێران ڕێگای دەربازبوونی لە کەشتییەکانی هەڵگری نەوت لە گەرووی هورمز گرتووە و ئەم هەنگاوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتووەتە بەرزترین ڕێژەی خۆی دوای ساڵی ٢٠٢٢.
