لۆگۆی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەستنیشان کرا

کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە کاروباری بەڕێوەبەریی هاوپەیمانی تاوتوێ کران و بڕیاریان لەسەر درا و لۆگۆی هاوپەیمانی دەستنیشان کرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)دا بڵاو کراوەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان، دەرەنجامەکانی شەڕ و ڕەوتی گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان هەڵسەنگێندرا و بۆ چەند ئەرکێکی هاوپەیمانی بڕیار وەرگیرا.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها بابەتی ئاییننامەی نێوخۆیی هاوپەیمانی، پەسندکردنی لۆگۆی هاوپەیمانی، خاڵە جەوهەرییەکان بۆ ڕاییکردنی کاروباری مەیدانیی هاوپەیمانی لە قۆناغی ڕاگوەزەر و چەندوچۆنیی دیپلۆماسی و چۆنیەتیی دەرکەوتنی هاوپەیمانی لە دەرەوەی وڵات چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوون.

دوا بەشی کاری کۆبوونەوەکە ڕاگواستنی بەرپرسایەتیی دەورەیی هاوپەیمانی بوو و لەو بارەیەوە سەرنج و ڕا و تێبینیی هەریەک لە حیزبەکانی ناو هەوپەیمانی وەرگیراوە.

مانگی ڕابردوو، پێنج حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بریتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانیان ڕاگەیاند. چەند ڕۆژ دواتریش کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەشداری ئەو هاوپەیمانییە بوو.

Live
Hide picture