هاوپەیمانیی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئامانجەکانی شەهیدان دێنەدی

هاوپەیمانیی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرشەکانی دوێنێی شەوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە توندی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند ئەم هێرشانە پێشاندەری زەبوونی و دواپەلەقاژەی ڕژێمە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە و بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووەتە ئامانج. لە درێژەی ئەم هێرشانەدا شەوی ڕابردوو ناوچەکانی هەولێر، سلێمانی و هەندێک شوێنی دیکەی هەرێم بە چڕیی مووشەک و دڕۆن ئامانج گیران.

شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکانی ڕژیمی ئێران، “ئیسماعیل ڕەحیمی” پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و “وڵات تاهیر” کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی هەولێر شەهید بوون. هەروەها چەند پێشمەرگەیەکی دیکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بریندار بوون.

هاوپەیمانیی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی ئەم هێرشانە، سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی شەهیدان، خەڵکی هەرێمی کوردستان و هاوڕێیانیان لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کردووە

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت خەباتی گەلی کوردستان بوەستێنێت، و هاوپەیمانییەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە خۆڕاگری و خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و بەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد بەردەوام دەبێت، چونکە ئەمەش ئامانجی هەموو شەهیدانی کوردستانە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی هاوپەیمانیی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەمشێوەیە:

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران:

بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئامانجەکانی شەهیدانمان دێنە دی

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی شەڕەوە بە بەردەوامی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستدرێژی و هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕتر کردووە. هەر لە درێژەی ئەو دەستدرێژییانەدا شەوی ڕابردووش بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی هەولێر، سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان بە خەستی بەئامانج گیران. لەو هێڕشە کوێر و تێرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانیدا بەداخەوە “ئیسماعیل ڕەحیمی”، پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و “وڵات تاهیر”، کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی هەولێر شەهید بوون و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بریندار بوون.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنەوەی دەستدرێژی و شەڕفرۆشییەکانی کۆماری ئیسلامی کە ئێستا ئیدی هەموو ناوچەکەی تووشی ناسەقامگیری ئەمنییەتی کردووە، سەبارەت بە شەهیدبوونی ئیسماعیل ڕەحیمی و وڵات تاهیر سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو شەهیدانە، خەڵکی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەکات.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە هێرشە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی پێشاندەری زەبوونی و دەستەوەستانی و هەروەها دوا پەلەقاژەکانی بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەیەتی.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە خۆڕاگری و خەباتی بێ‌وچان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان کە ئامانجی هەموو شەهیدانی کوردستانە شێلگیرانە بەردەوام دەبێت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی

Live
Hide picture