
بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنانی ڕەنجدەر، ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵییەوە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا سڵاو و پشتیوانی خۆی بۆ ڕێپێوان و خەباتی ژنان بۆ ئازادی نارد. ڕێبەر ئۆجالان لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە ئازادیی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە تەنها لە ڕێگەی ئازادیی ژنەوە دەست دەکەوێت و پرسی ژن گرنگترین پرسی سەردەمی ئێمەیە.
ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ ڕاگەیەندرا، و گوتی ئەم بانگەوازە ئازادیی ژن وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەناسێنێت. ڕێبەر ئۆجالان جەختی کردەوە کە شۆڕشی ژنان لە هەموو شۆڕشەکانی تر گرنگترە و بەدەستهێنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش بە پەیوەندییەکی یەکسان و ئازاد لەگەڵ ژنان دەست پێدەکات.
ڕێبەری گەلی کورد لە پەیامەکەیدا باس لە مێژووی مرۆڤایەتی کرد و گوتی لە سەرەتای مێژوودا کۆمەڵگە لەسەر بناغەی کۆمەڵگەی دایکسالار و بە هێزی بنیاتنەری ژنان درووست بووە، بەڵام بە هاتنی سیستەمی دەوڵەت و سەرمایەداری، ژنان کراون بە “شاژنی کاڵاکان” و توخمێکی بەرهەمهێنەری سیستەم. بەپێی ئۆجالان، بۆ تێگەیشتن لە سەرمایەداری پێویستە لە کاڵاکردنی ژنان تێبگەین.
هەروەها ئەو جەختی لەوە کردەوە کە سۆسیالیزمی ڕاستەقینە دەبێت لە پرسی ژنەوە دەست پێ بکات، چونکە هیچ ڕێبازێکی ئازادیخوازی ناتوانێت بە سەرکەوتوویی بگات ئەگەر ئازادیی ژنان وەک بنەما نەگرێت. بە وتەی ئەو، فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” دەبێتە بناغەی درووست بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاد.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئۆجالان بانگەوازی لە ژنان کرد بەردەوام بن لە خەباتیان بۆ ئازادی و داوای کرد ئەم سەدەیە بکرێتە “سەدەی ئازادیی ژنان”، چونکە بە بڕوای ئەو، ژنان بنیاتنەری ڕاستەقینەی ئاشتی و دیموکراسیین.
دەقی پەیامەکەی ڕێبەری گەلی کورد بەمشێوەیە:
سڵاو لە تێکۆشانتان دەکەم کە دەتانەوێت سەدەی بیست و یەک بکەنە سەدەی ژن!
بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ و مانیفێستۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئازادیی ژن وەک پرسێکی بنەڕەتی سۆسیالیزم دەستنیشان دەکەن و چارەسەرە هاوچەرخەکەی ئەم پرسە، وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەبینن. پرسی شۆڕشی ژنان لە هەموو پرسەکانی تر گرنگترە. من ئازادیی ژن وەک کاری لەپێشینە دادەنێم.
پرسی ئازادیی ژنان، گرنگترین پرسی سەردەمەکەمانە. پێشمەرجی گەیشتنە بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک؛ هەروەها پەیوەندیی دیموکراتیک و یەکسان و ئازاد لەگەڵ ژنان، پێشمەرجی سۆسیالیستبوونە. لە ڕێگەی پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و ژنۆلۆژییەوە کە بناغە و چوارچێوە چەمکایەتی و تیۆرییەکەیمان پەرەپێداوە، پێشکەوتنی گرنگ هاتووەتە کایەوە. بەڵام سیاسەتی پراکتیزە کردنی ئەمە، واتە بنیاتنانی ئەمە، ئەرک و بەرپرسیارێتیی سەرەکییمانە.
زۆر گرنگە، بەشێوەیەکی ژنپارێز، پەیوەندییەکی ڕاست و درووست لە نێوان مێژوو و ئێستا و ئاییندەدا دابمەزرێنرێت. لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتییدا، ژیانی کۆمەڵایەتی لە سایەی هێزی بنیاتنەری فیگەری ژن-دایکەوە ڕەخساوە. ئەم هێزە بنیاتنەرە، بووەتە هەوێنی کۆمەڵگە بوونی مرۆڤایەتی. لێرەدا، خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە، مرۆڤایەتی لەلایەن ژنەوە لەسەر بناغەیەکی کۆمۆناڵ بنیاتنراوە. ئەمە زۆر جێی بایەخە، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئازادیی ژنەوە لە ئێستا و ئاییندەدا. ئەم دوو خاڵە، هەم بۆ هۆشیاریی دەربارەی کۆیلایەتیی ژنان، هەم بۆ بنیاتنانی ژنی ئازاد لە ئێستا و ئاییندەدا، زۆر گرنگن. لەوە بترازێت، پێویستە مرۆڤ باش بزانێت، کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەکوێوە سەرچاوە دەگرن.
دەبێت بزانین، ژنان چۆن کۆمەڵگەی دایکسالاریان لەسەر بناغەیەکی کۆمۆناڵ دامەزراندووە؛ پاشان پیاوە ڕاوکەر و بکوژە کاستیکەکان، چۆن کۆمەڵگەی دایکسالاریان هەڵوەشاندووەتەوە و بەمەش مێژووی کۆیلایەتییان بۆ ژنان و هەموو کۆمەڵگە دەست پێ کردووە؛ ئەگەر لەمە تێنەگەین، ئافراندنی ژنی ئازاد مەحاڵە و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دانامەزرێت. کۆمەڵگەی دایکسالار، کۆمەڵگەی ژنانە. هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی دایکسالار بە دەستی بکوژە کاستیکەکان و دەستپێکردنی قۆناغی شارنشینی و چینایەتی و دەوڵەت کە ئێمە پێی دەڵێین شارستانییەتی دەوڵەت، گوزارشتە لە کۆیلایەتیی ژنان. بە پێچەوانەی ئەمەوە، خاڵی دەسپێکی ئێمە ئەوەیە، دەمانەوێت لە ڕێی تێگەیشتنێکی شارستانییەتی کۆمۆناڵیستی دیموکراتیک و مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە، هەموو بەها لەدەستچووەکانی کۆمەڵگەی دایکسالار بکەینەوە بە بناغەی کۆمەڵگەی نوێ و شارستانییەت و مۆدێرنیتە.
هەر بۆیە، گفتوگۆیەکی درووست لەمەڕ سۆسیالیزم-دەتوانین بە نوێکردنەوەی سۆسیالیزمیش ناوی ببەین- ڕێگەیەکی ڕاستە بۆ تێپەڕاندنی سۆسیالیزمی بنیاتنراو [ڕیاڵ سۆسیالیزم]. تیۆری سۆسیالیزمی بنیاتنراو شکستی هێنا لە پێشکەشکردنی شرۆڤەیەکی ڕاست بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان و نەیتوانی بەشێوەیەکی درووست کۆمەڵگەیەکی دایکسالار فۆرمەلە بکات؛ بەم هۆیەوە، نەیتوانی شرۆڤەیەکی ڕاست بۆ شارستانییەتی دەوڵەتی بکات کە لەسەر بناغەی ئەم کێشەیە پەرەی سەندووە. بۆیە ئەو ڕەخنانەی لە مانیفێستۆکەدا هاتوون و ئەو چارەسەرەی دەیخاتەڕوو، زۆر گرنگن. هەر کاتێک ئازادیی ژن، کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژی و کۆمەڵگەی سۆسیال دیموکراتی دژە سەرمایەداری وەک سێ پایەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بنیاتنران، ئەوکات دەتوانین باس لە ڕێگەیەکی سۆسیالیستی ڕاستەقینە بکەین. پاشان لەسەر ئەم بناغەیە، دەتوانرێت مانیفێستێکی نوێ بۆ بزووتنەوە سۆسیالیستەکانی جیهان و بزووتنەوە دژە سەرمایەدارییەکان بخرێتەڕوو، کۆمەڵگەیەکی نوێی سۆسیال دیموکراتیک و چوارچێوەی ڕاستەقینە بۆ ڕێکخستن و تێکۆشان بئافرێنرێت.
لە دوو سەدەی ڕابردوودا، شرۆڤەکردنی سەرمایەداری لەلایەن مارکس و مارکسیستەکانەوە، لەڕێی زێدەبەها و کاڵا و بەکاڵابوونەوە، بووەتە سەرچاوەی شرۆڤەیەکی سنووردار بۆ سەرمایەداری، هاوکات بووەتە سەرچاوەی شکستێکی پراکتیکی درێژخایەنی سۆسیالیزم. سەبارەت بە بەکارهێنانی ژنان لەلایەن سیستەمەوە، پێناسەی “شاژنی کاڵاکان”ـمان پەرەپێداوە. لە سیستەمی سەرمایەدارییدا، ژن گۆڕاوە بۆ شاژنی کاڵاکان، بەمەش بووەتە توخمێکی بەرهەمهێنەری سیستەم. بۆیە لەبری کاڵاکان، شرۆڤەکردنی ڕەوشی ئەو ژنانەی کراون بە شاژنی کاڵاکان، ڕاستەڕێی تێگەیشتنە لە سەرمایەداری. ئەوکات مرۆڤ دەتوانێت، تیۆرێکی ڕاستەقینەی سۆسیالیزم پەرە پێ بدات. ئەوکات دەتوانرێت پەرە بە تیۆرێکی سۆسیالیستیی ڕیاڵیستی بدرێت.
پێویستە مرۆڤ لەبری شرۆڤەی کاڵا، شرۆڤەی ئەو ژنە بکات کە کراوە بە شاژنی کاڵاکان. بۆ تێگەیشتن لەو سیستەمەی لە دەوری ژن دامەزراوە، پێویستە مرۆڤ بە کاڵاکردنی ژنان ڕۆشن بکاتەوە. چونکە بە کاڵاکردنی ژنان و گۆڕینی هەنگاو بە هەنگاوی ژنان بۆ شاژنی کاڵاکان، سەرەتای کێشەکەیە. مانیفێستۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، گۆڕینی ژنان بۆ شاژنی کاڵاکان وەک چەقی پرسی ژنان دەبینێت. بە دەستنیشانکردنی ئەم خاڵە، تەنها ڕەهەندە ئەدەبی و سیاسییەکانی ئەم پرسە دەستنیشان ناکەین، بەڵکو دەمانەوێت بەکاڵاکردنی ژنان ڕوونبکەینەوە. لە سیستەمی دەوڵەتدا، ژن هەم کاڵایە هەم شاژنی کاڵا. چونکە هەر بەشێکی جەستەی کاڵایەکە، یەک دوای یەکی ئەم بەشانەی جەستەی کراون بە کاڵا. ئەمە خاڵی دەستپێکی میکانیزمی چەوساندنەوە [بەکارهێنانی خراپ] و نامۆبوون و داکەوتنە.
شاژنی کاڵاکان، واتە بەنرخترین کاڵا. ئەوکاتەی پێویستە، ئەم کاڵایە دەبێتە ئۆبێکتی ئەڤین و خۆشەویستی و ئارەزوو؛ کاتێک چیتر ناپێویستە، بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێت. زۆرجار بکوژانی ژنان، عاشق و باوک و براکانی خۆیانن، ئەم ڕاستییە، ڕەهەندێکی تری تراژیدیاکەیە. ژن وابەستەی ژیانی بکوژەکەی بووە و عاشقی بووە و لەگەڵیدا ژیاوە. ئەو ژنەی بە مەرگ گەمارۆدراوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بمێنێتەوە، ناچارە فێری هونەری بەڕێوەبردنی پیاوان بێت، ئەمەش ڕەهەندێکی تری تراژیدیاکەیە.
ئەم کوشتنە زنجیرەییەی بە “ژنکوژیی” ناودەبرێت، هەر قڕکردنی ژنانە [جینۆساید] و لە ڕەفتارەکانی بکوژی کاستیکی بەرەبەیانی مێژوووەوە، ئیلهام وەردەگرێت. پیاوە بکوژە کاستیکەکان، کۆمەڵگەی کۆمۆناڵ زەوتدەکەن، پیاوەکان دەکوژن، منداڵ و ژنەکان بەدیل دەگرن. منداڵەکان وەک کۆیلە گەورەدەکرێن، ژنەکان وەک ئۆبێکتی ئارەزوو دەبینرێن و دەکرێنە کۆیلەی خزمەتکار. ئەوانەشی بەرەنگاردەبنەوە یان بە بێکەڵک دەبینرێن، بێبەزەییانە دەکوژرێن. نەستی [نائاگایی] پیاو ئەم بە کەمسەیرکردنەی ژنی ڕەواکردووە و تا ئەمڕۆش درێژەی پێ دەدات. ئەوکاتەی ستەم لە ژنان دەکەن و دەیانکوژن و دەیانکەن بە ئۆبێکت، لە کارەکانی خۆیان ناپرسنەوە، ئەم کارانە بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانن. بێڕێزییەکی زۆر بەرانبەر ژنان هەیە. پێشتر ڕێزێک بەرانبەر ژنان هەبوو، بە هاتنی سەرمایەداری، ئەوەش نەما. ئەمەیە زهنییەتی بکوژی کاستیک. پێویستە ژنان بە باشی ئەم زهنییەتە بناسن و لێی تێبگەن و بەگوێرەی ئەمە بگەنە ڕاستیی ژیان.
لە دوایین مانیفێستۆدا کە درێژکراوەی پارێزنامەکانی پێشوومە، هەوڵمداوە شرۆڤەیەکی تیۆریی بۆ ئەم پرسە بکەم. بۆیە دەبێت ئەمە ببێتە بناغەی کۆمەڵناسی. سۆسیۆلۆژیای ڕاستەقینە، پێویستە پرسی ژن وەک کاری لەپێشینە دابنێت. سۆسیالیزمی ڕاستەقینە، دەبێت پرسی ژن بەبنەما بگرێت. بگرە سۆسیالیزمی ڕاستەقینە دەبێت لە پرسی ژنەوە دەست پێ بکات. ئەو سۆسیالیزمەی لە پرسی ژنەوە دەست پێ نەکات، ناتوانێت ببێتە سۆسیالیزمێکی ڕاستەقینەی ئازادیی و یەکسانیی و دیموکراسیی. گەر هەموو پرسەکانی ئازادیی تا ئێستا کەم یان شکستیان هێناوە، گەر لە ئازادیی تاکەکەسییەوە بیگرە تا ئازادیی نەتەوەیی، پرسە بنەڕەتییەکان هێشتا جێی مشتومڕن؛ هۆکارەکەی ئەوەیە، هێشتا ڕێبازی ئازادیخوازیی ژنپارێز، بناغەی ئازادیی و لەمەشەوە بناغەی ئازادیی کۆمەڵایەتی لەسەر بناغەی ژنان، بەبنەما نەگیراوە.
تا ئێستا مێژوو، بەتایبەت مێژووی پیاوسالار؛ بوون و ئۆنتۆلۆژیا و پرسەکانی ژنانی پشتگوێ خستووە، ژنان وەک بوون لە ڕاستینەی مێژووییان دوورخراونەتەوە. ژن لە میتۆلۆژیا و فەلسەفە و ئاین و زانست و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا، پەراوێزخراوە. لە سەرتاپای مێژوودا، مۆدێرنیتەی لێ دەرچێ کە وەک چاخی ئازادیی ناودەبرێت، هەمیشە ژن ڕووبەڕووی جیاکاری بووەتەوە. ویستمان لەڕێی “ژنۆلۆژی”ـەوە ئەم دۆخە تێبپەڕێنین. ژنۆلۆژی، وەک ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژنان، لەنێو دنیای ئەکادیمی و چاپەمەنی پێشکەوتووخوازدا بەشێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێ کراوە و بە بەشدارییەکان دەوڵەمەند کراوە. دەتوانرێت بوترێت، لەم ڕووەوە، پێشکەوتنی بەرچاو هەن. بێگومان سەرەتایەکی ڕاست دانراوە. بەڵام دەبێت تەنها وەک سەرەتایەکی ڕاست ببینرێت. بەرچاوکردن و قووڵکردنەوەی ئەم سەرەتا ڕاستەقینەیە، پێویستی بە چالاکیی سیاسی و پراکتیکییە.
بۆ ژیانێکی ئازاد، بنیاتنانی کۆمۆن زۆر گرنگە. بێگومان، فۆرمەلەکردنی ئەم پرسە لە ڕووی تیۆرییەوە زۆر گرنگ و پێویستە. بەڵام بەدەستهێنانی چارەسەری پراکتیکی بەگوێرەی پرەنسیپە تەندرووستەکان، بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند زۆر گرنگە. جێبەجێکردنی پراکتیکییانەی تیۆری کۆمۆناڵیزمە. ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند، تەنها بە بنیاتنانی کۆمۆنەکان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، شیاوی بەدیهاتنە. ژیانی ئازادیی ژنان و لەمەشەوە ژیانی ئازادیی کۆمەڵگە، پەیوەستە بە ڕۆڵی بنیاتنەری ژنان و ئەو کۆمۆناڵیزمەوە کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن. لە کۆمۆنەکانی ژنانەوە بگرە تا هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگە، وەک ئابووری و تەندرووستی و پەروەردە و زمان و کولتوور و ئیکۆلۆژی و هتد، ڕۆڵی ژنان یەکلاکەرەوە و گرنگە. وەکچۆن ژنان لە یەکەم پرۆسەی کۆمەڵگەبوونی مرۆڤایەتییدا، کۆمەڵگەی کۆمۆناڵی دایکسالاریان دامەزراند، ئەمڕۆش هەر ئەوان دەتوانن ڤێرژنێکی نوێی ئەو کۆمەڵگەیە، واتە کۆمۆناڵیزمی نوێ بەدی بهێنن. بۆیە ژنان بەرپرسیارێتیی سەرەکییان دەکەوێتە ئەستۆ لە بنیاتنانی کۆمۆناڵدا.
فەلسەفەی بنەڕەتیی مانیفێستۆکە لەسەر ڕێباز و نزیکایەتییەکی وەها دامەزراوە. ژنۆلۆژی و چارەسەرەکان لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی، بەشێوەیەکی درووست لە مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیکدا نیشاندراوە.
لەبەر ئەمەشە، بۆ سەرکەوتنی بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستی نوێ، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئەنتەرناسیۆنالی نوێ، دەبێت پرسی ژن و ئازادیی ژن بکرێتە کاری لەپێشینە. زۆر گرنگە هەر وڵاتێک هەلومەرجی تایبەتی خۆی وەک خاڵی دەستپێک بۆ داڕشتنەوەی بەرنامە و ڕێکخستن بەکاربهێنێت.
لە تێکۆشانی بوون و ئازادیی گەلەکەماندا کە بەگوێرەی هەلومەرجی خۆمان درێژەی پێ دەدەین، واتە لە تێگەیشتنی ئێمەدا بۆ مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، ئێمە ئەمەمان کردووە بە بەردی بناغە و ڕۆتینی ڕۆژانە.
ئەو تێکۆشانە مەزن و چالاکییانەی لەم ڕووەوە دەکرێن، زۆر بەنرخ و مێژوویین. بێگومان، گرنگترین بەها لە خەبات و هەوڵی شۆڕشگێڕیی ئێمەدا، ژنی ئازادە. جەماوەرێکی گەورەی ژنان دەرکەوتوون. ئەمە پێچەوانەی شێوازەکانی ژیانی کلاسیکە. پێویستە ژنان بناغەکانی کۆمەڵگەی کۆمۆناڵی دێرین، نوێ بکەنەوە. پێویستە کولتووری دایکە-خوا پەرە پێ بدەن. پێویستە ژنان بە ئیرادەی ئازادیان، پەرە بە خۆیان بدەن.
من لەگەڵ ژنانی گەنجدا .تێکۆشانم کردووە. ئەمە هەردەم بۆ من سەرچاوەی بوێریی و ئازایەتییە. ژنان شاسەرچاوەی ژیانن. ئێمە دەڵێین، ژن ژیان ئازادی. ژنان بنیاتنەری ڕاستەقینەی ئاشتیین. ژنان دەتوانن ئاشتی و دیموکراسی بدۆزنەوە. ژنان دەتوانن لەڕێی کۆمۆناڵیزمەوە ژیانێکی نوێ بنیات بنێن. ژن ئیتر شاژنی کاڵاکان نییە، ئیتر خوداوەندی ئازادییە و لەبەردەم ژیانێکی هاوچەرخ و ئازاددایە. دوای بەسەربردنی هەزاران ساڵ وەک شاژنی کاڵاکان، پەرەسەندن بۆ خوداوەندی ژیانی ئازاد، پەرەسەندێکی بەنرخ و هێژایە.
لە قۆناغی ئاییندەدا، پێویستە ئەم دەستکەوتە مێژوویی و بەنرخە وەک بناغەی هەموو شتێک بنیات بنرێت. ڕێک لێرەوە، دەبێت باس لە فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادی” بکەین. خاڵی دەستپێکی ئێمە کە لەسەر ئەم فەلسەفەیە دامەزراوە، هەروەها ڕوونکردنەوەی زیاتر و پیادەکردنی، دەبێتە بناغەی هەموو بەها پیرۆزەکان و هەنگاوە سیاسییە ئازادیخوازەکان و چارەسەری هەموو پرسە هەنووکەییەکان. ئەو پێشکەوتنانەی لەم ڕووەوە بەدەستهاتوون، زۆر بەنرخن. پێویستە هەرچییەکمان لەدەست دێت بیکەین، تاوەکو ئەم سەدەیە ببێتە سەدەی ئازادیی ژنان. هیچ ئاڵنگارییەک، لەو تێکۆشانە بەنرختر نییە کە دژی کولتووری دەستدرێژی ئەنجام دەدرێت، هەمان ئەو کولتوورەی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان هەزار ساڵ.
سڵاو لە سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و تێکۆشانی خوداوەندی ئازاد دەکەم. بڕوام وایە، ئەم ڕێپێوانە پیرۆزە، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو سەرکەوتنی گەورەتر هەنگاودەنێت.
بەم بیر و بۆچوونانەوە، ٨ـی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنان پیرۆز دەکەم، سڵاو لە تێکۆشانی ژنانی ئازاد دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو ژنانە دەخوازم کە لەم تێکۆشانەدا بەشدارن.
٨ـی ئاداری ٢٠٢٦
عەبدوڵا ئۆجالان
