
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، بانگەشەی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە «دەستگیرکردنی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەم پارتە»ی ڕەت کردەوە و دانپێدانانە بڵاوکراوەکانی لەم بوارەدا بە زۆرەملێ و جێگەی بێباوەڕی ناو برد.
ئەم پارتە هەروەها بە نمایش ناوبردنی ئەو دادگایانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوە دەچن، جەختی کردەوە کە هیچ شەرعیەتێک بۆ لێپێچینەوەی دادوەری لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە دانانێت.
لەو ڕاگەیاندراوەیەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندان لە ماڵپەڕی فەرمی پژاک بڵاو کراوەتەوە، دەستنیشان کراوە کە ڕژێمی ئێران بە هێنانە ئارای ئەم جۆرە بانگەشانە و بەڕێوەبردنی ئەوەی کە بە «نمایشە تراژیدی ـ کۆمیدییەکان» ناوی بردووە، بەدوای لادانی سەرنجی رای گشتییە لە سەرکوت و کوشتارەکانی مانگەکانی ڕابردوو.
پژاک دەڵێت ئەم هەنگاوانە هاوکات لەگەڵ بڕینی ئینتەرنێت و سەرکوتێکی بەربڵاو ئەنجام دراون و ڕژێمی ئێران لە کۆتاییدا دەبێت لەبەردەم دادگا جیهانییەکان و ویژدانی مرۆڤایەتیدا وەڵامدەر بێت.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان داوای لە خەڵک کردووە کە بەرامبەر بە یارییە دەروونییەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وشیار بن و متمانە بە وتە فەرمییەکان نەکەن.
