پەژاک لە دوازدەھەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی حەبیبوڵڵا گۆڵپەریپوور و ڕەزا مامەدی: هەڤاڵان بە فیداکاری خۆیان ڕێگای ئازادییان خۆش کرد

کۆمیتەی شەھیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە دوازدەھەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی هەڤاڵان «حەبیبوڵڵا گۆڵپەریپوور (باھۆز سنە)» و «ڕەزا مامەدی» بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، یادی ئەوانی بەرز راگرت و داوای لە گەنجانی ئازادیخواز کرد کە درێژە بە ڕێگاکەیان بدەن.

لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە کە ڕژێمی ئێران لە سێی خەزەڵوەری ١٣٩٢ هەڤاڵان حەبیبوڵڵا گۆڵپەریپوور و ڕەزا مامەدی لە زیندانەکانی ئورمیە و سەڵماس لەسێدارە دا. پەژاک لەم بەیاننامەیەدا جەختی کردۆتەوە کە بەرخۆدانی ئەم دوو تێکۆشەرە کوردە بووەتە سەرچاوەی ئیلهام و هەوێنی بەردەوامبوونی خەباتی ئازادیخوازانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران.

کۆمیتەی شەھیدانی پەژاک ھاوڕێ حەبیبوڵڵا گۆڵپەریپوور وەک «گەریلایەکی فیداکار و کۆڵنەدەر» وەسف کردووە کە بە بەرگری لە دژی ئەشکەنجەی سەخت، کەلتووری بەرخۆدانی لە زیندانەکاندا زیندوو ڕاگرت. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ھاتووە کە گۆڵپەریپوور و شوێنکەوتوانی بیروباوەڕی ئاپۆیی وەک حیکمەت دەمیر، کەمانگەر، عەڵمھولی و خزرییەکان، هێمای جوڵانەوەی ئاپۆیی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانن و «ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کورد لە ئازادی نزیکتر بووەتەوە، ئەوە بە ھۆی تێکۆشان و ئازارەکانی ئەم هەڤاڵانەوەیە».

سەبارەت بە ڕەزا مامەدیش، بەیاننامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو هێمای «نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینە» بوو کە لە بەرامبەر ستەم و سەرکوتکاریدا سەری دانەنەواند و نیشانیدا کە گەلی کورد بە لێک گرێدانی بەرگری و نیشتمانپەروەری دەتوانێت بە ئازادی تەواو بگات.

پەژاک لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جارێکی دیکە پەیمانی خۆی لەگەڵ ئامانجەکانی شەھیدان نوێکردۆتەوە و داوای لە گەنجانی ئازادیخواز و دیموکراسیخواز کردووە کە درێژە بە ڕێگای گۆڵپەریپوور و مامەدی بدەن و لە ڕێگای ئازادیدا هەنگاوەکانیان شل نەبێتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی شەهیدانی پەژاک وەهایە:

“رێژیمی ئێران لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ هەڤاڵ حەبیبوڵا گۆڵپەریپووری لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ و هەڤاڵ ڕەزا مامەدی لە زیندانی سەڵماس لە سێدارە دا، لە ١٢یەمین ساڵوەگەڕی لە سێدارەدانی هەڤاڵانی ‌هێژامان حەبیبوڵا گۆڵپەریپوور (باهۆز سنە) و ڕەزا مامەدی، بە ڕێزدارییەوە یادی بەرز ڕادەگرین. ڕێگای فیداکارانە و بەرخۆدانی هەڤاڵانی شەهیدمان ڕێگای تێکۆشانمان ڕووناک دەکاتەوە.

هەڤاڵ حەبیبوڵا گوڵپەریپوور، وەک گەریلایەکی فیدایی و فیداکاری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، بە بەرخۆدانی بێهاوتا و بێ دودڵی خۆیەوە، ناوی تەڤگەری ئازادیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرزکردەوە. لە سایەی فیداکارییەکانی هەڤاڵمان کە چەند ساڵ لەبەرامبەر ئەشکەنجەی پڕ لە ئازاری جەلادەکانی ڕێژیمی فاشیستی ئێران بەرخۆدانی کرد، جارێکی دیکە کولتووری تێکۆشان و بەرخۆدانی لەناو زیندانەکاندا زیندوو کردەوە و هێزی پێبەخشی. بەرخۆدانی هەڤاڵ باهوز بەرامبەر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی بۆتە گەورەترین وانەی بەرخۆدان بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی و شۆڕشگێڕ. هەڤاڵ باهۆز سەلماندی کە بەرخۆدان ژیانە و لە ڕێبازی پڕ لە ئیرادەی حیکمەت دەمیرەکان، کەمانگەرەکان، عەلەمهۆلیەکان و خزرییەکان، بەردەوامیی تەڤگەری ئاپۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەمووان سەلماند. ئەمڕۆ ئەگەر تێکۆشانی گەلەکەمان هەنگاوێک لە ئازادی نزیک بووبێتەوە، بێگومان لە سایەی تێکۆشان و ڕەنجی ماندوو نەناسانەی هەڤاڵ باهوز و هاوشێوەکانیدا بووە و هەیە.

هەروەها هەڤاڵ ڕەزا مامەدیش نموونەیەکی سەربەرزی وڵاتپارێزێکی ڕاستەقینە بوو کە تاکو کۆتایی ژیانی تەسلیمی دوژمنی ستەمکار نەبوو و سەلماندی کە گەلی کورد بە تێکەڵکردنی بەرخۆدان و وڵاتپارێزی دەتوانێت ئازادی هەمیشەیی خۆی بەدەستبهێنێت. ئەو کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی بنیاتنا تاکو بەو وڵاتپارێزییەی نیشانی هەمووانی بدات کە وڵاتپارێزی ڕاستەقینە بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلەکەماندا چۆنە.

لەسەر ئەم بنەمایە کۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک لە ١٢ێەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی هەڤاڵانمان بە رێزدارییەوە یادی هەڤاڵان حەبیبوڵا گۆڵپەریپوور و ڕەزا مامەدی بەرز ڕادەگرێت و هاوکات بانگەوازی لە هەموو گەنجانی ئازادیخواز و دیموکراسیخوازی گەلەکەمان دەکەین کە ڕێگای هەڤاڵانی شەهیدمان پڕ ڕێبوار بکەن و تا ئازادی هەمیشەیی بەدی دێت درێژە بەتێکۆشانیانن بدەن. جارێکی تر بەڵێنمان دوپات دەکەینەوە کە تاکو بەدیهاتنی خەونی پاک و ڕاستەقینەی هەڤاڵانی شەهیدمان بە فیداکاری و خۆبەخشیەوە درێژە بە تێکۆشان دەدەین. پڕ ڕێبوار بێت ڕێگای شکۆمەندی شەهیدان.

کۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)

Live
Hide picture