بەھار ئاورین: بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» کەلتووری بەرخۆدانی بە جیهاندا بڵاو کردەوە

لە سێیەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، بەھار ئاورین، ئەندامی ئەکادیمی ژنۆلۆژی جەختی کردەوە کە ئەم بزووتنەوەیە سەرەڕای سەرکوتەکان بووەتە بزووتنەوەیەکی ھەرێمی و جیهانی، و کەلتووری بەرخۆدانی لە کۆمەڵگا و زیندانەکاندا بڵاو کردۆتەوە. ئەو وتی کە ئەم راپەڕینە سیمای ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەرخست و بووەتە نموونەیەکی مێژوویی بۆ تێکۆشانی ژنان لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی ناویندا.

بەھار ئاورین، ئەندامی ئەکادیمی ژنۆلۆژی، لە سێیەمین ساڵیادی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا جەختی کردەوە کە ئەم بزووتنەوەیە کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن «گەشتی ئیرشاد»ەوە دەستی پێ کرد، بووەتە راپەڕینێکی ھەرێمی و جیهانی، و کەلتووری بەرخۆدانی لە شەقام و زیندانەکاندا بڵاو کردۆتەوە.

ئاورین لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی ANHA، ویڕای بیرهێنانەوەی یادی ھەموو شەھیدانی ئەم بزووتنەوەیە، بەتایبەتی ژینا ئەمینی، وتی: «راپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای ئازار و تێچووی زۆر، بە گوڕوتینێکی بەهێزەوە درێژەی هەبووە. لەوانەیە ئەم بزووتنەوەیە چیتر بە شێوەی خۆپێشاندانی ڕۆژانەی سەر شەقامەکان دەر نەکەوێت، بەڵام کەلتووری بەرخۆدانی لە کۆمەڵگا و زیندانەکاندا چاندووە. ئەمە تایبەتمەندی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی سەدەی بیست و یەکە؛ ئەم بزووتنەوانە شکست ناخۆن، بەڵکو شێوازەکانیان دەگۆڕن و بە شێوەی جۆراوجۆر دێژە بە خۆیان دەدەن.»

بە گوتەی ئاورین، چالاکی سیاسی زیندانییەکان، بەتایبەتی ژنان، لەم ماوەیەدا بوونەتە سەرچاوەی ئیلهام و بەرخۆدان: «لەوانەیە ئەم راپەڕینە ھێشتا نەیتوانیبێت سیستەمەکە بە شێوەیەکی بنچینەیی بگۆڕێت، بەڵام گوشاری زۆری بۆ حکوومەت ھێناوە و سیمای ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئاشکرا کردووە. ئەمە زۆر گرنگە، چونکە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، کەلتووری و فیکرییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕوویانداوە. ئەگەر بمانەوێت گۆڕانکارییەک کە لەگەڵ کەلتوور و جوغرافیای ڕۆژھەڵاتی ناوین بگونجێت، بەدی بێنین، دەبێت شۆڕشێکی فیکری و کۆمەڵایەتی دەست پێ بکەین. ئەمە تایبەتمەندی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە؛ کێشە کۆمەڵایەتییەکان تەنھا بە سەرهەڵدانێکی سیاسی چارەسەر ناکرێن.»

پەیوەندی لەگەڵ تێکۆشانەکانی پێشوو

بەھار ئاورین ئاماژەی بەوە کرد کە ناکرێت بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە مێژووی تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران جیا بکرێتەوە: «ئەم بزووتنەوەیە یادەوەرییەکی گشتییە کە خۆی لە درووشمەکەدا دەرخستووە. ئەم راپەڕینە دەرەنجامی پەنجا ساڵ تێکۆشانی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردە. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، دەبێت چالاکی بەرفراوانتر لە ئاستی ڕێکخستن و ستراتیژیدا ئەنجام بدرێت.»

تووڕەیی و بەرخۆدان لە دژی یاسا سەرکوتکارەکان

ئەندامی ئەکادیمی ژنئۆلۆژی ئاماژەی بە دۆخی مێژوویی و سیاسی ھەرێمەکە کرد و وتی: «ئەمڕۆ لە سەدەی ٢١دا، جیهان تووشی شەڕی جیهانی سێیەم بووە کە لەگەڵ شەڕەکانی پێشوو جیاوازە. ئەم شەڕە تەنھا لەسەر بنەمای لەناوبردنی فیزیکی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای لەناوبردنی کەلتووری، لەناوبردنی ژن و وێرانکردنی سروشت دامەزراوە. ڕۆژھەڵاتی ناوین، وەک سەرچاوەی شارستانییەکان و ئایینەکان، ئێستا بووەتە ناوەندی قەیران و پێکدادانی دەوڵەتان. دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، حکوومەتی تازەدامەزراو دەستی بە سەرکوتی ژنان کرد و یاساکانی وەک حیجابی زۆرەملێی سەپاند. ئەم یاسایانە لەمێژ ساڵە مەیدانی پێکدادانی نێوان ژنان و حکوومەتە. کۆماری ئیسلامی ئێران ھەوڵیدا ژنان لە ماڵەوە بخزێنێ و لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی دووریان بخاتەوە، بەڵام ھەر ئەم گوشارانە تووڕەیی و بەرخۆدانی ژنان بەدوای خۆیدا هێناوە.»

نموونەیەکی مێژوویی بۆ بەرخۆدان

ئاورین وتی: «لە مێژووی شۆڕشەکان و راپەڕینەکانی ئێراندا، بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە نموونەیەکی دیار. ئەم بزووتنەوەیە بەرهەمی ھۆشیاری ژنانی ئێرانی و کوردە کە لە دژی سیاسەتەکانی سیستەمی دەسەڵاتدار راپەڕیون.»

ئەو جەختی کردەوە کە ئێران پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراتیک و پەرەپێدانی کەلتووری ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی ھەیە: «بەداخەوە زۆرێک لە دەوڵەتانی وەکوو ئێران لە هەمبەر داواکارییەکانی گەلان بێدەنگ بوون یان ھەوڵ دەدەن بە لەسێدارەدان و سەرکوت ئەوان بێدەنگ بکەن. ھەروەک عەبدوڵڵا ئۆجالان وتوویە، سەدەی بیست و یەکەم سەدەی شۆڕشی ژنانە و ئێمە ئەمڕۆ شایەتی وەدیهاتنی ئەم حەقیقەتەین.»

پێویستی ئاشتی و وازھێنان لە سیاسەتی حاشاکردن

ئاورین ئاماژەی بە بانگەوازی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک»ی عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری گەلی کورد کرد و ئەم پەیامەی بە «مانیفێستی سەردەمی ئێستا» ناوبرد و وتی: «ھەرێمەکە لە مێژ ساڵە شاھیدی خوێن‌ڕشتن و شەڕە. ئاشتی و گفتوگۆ دەتوانێت چارەسەرێکی سیاسی و یاسایی بۆ کێشەی گەلان بێت.

کێشەی کورد ئێستا کێشەیەکی بنەڕەتی ڕۆژھەڵاتی ناوینە. ئەگەر ئەم کێشەیە بە شێوەی سیاسی و یاسایی چارەسەر بکرێت، گەلانی دیکەش دەتوانن مافەکانی خۆیان بەدەست بھێنن. ئێرانیش دەبێت وەک بەشەکانی دیکەی کوردستان خۆی لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا بگونجێنێت. ھەروەک ئۆجالان دەڵێت، ئاشتی سەختترە لە شەڕ، بەڵام ئێستا کاتی ئازادی ھاتووە. ئێران دەبێت لە سیاسەتی حاشاکردن و سەرکوت واز بێنێت، نە تەنیا لە هەمبەر کوردان، بەڵکو لە هەمبەر ھەموو گەلاندا.»

بە گوتەی ئەو، ژنان لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ڕۆڵیان لە بەرگریکردندا ھەبووە. ئەو دەڵێت کە بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکان و چالاکییە جۆراوجۆرەکان لەلایەن ژنانەوە ئەوەمان پێ دەڵێت کە یەکگرتنی ژنان دەتوانێت گرنگترین ھەنگاو بەرەو ئازادی بێت.

Live
Hide picture