ئێران

ئەندامێکی کانونی نووسەرانی ئێران لە ئەهواز دادگایی کرا

لە بەردەوامی سیاسەتی سەرکوت و گۆشار بۆ سەر چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران، ئەندامێکی کانونی نووسەرانی ئێران لە دادگای شاری ئەهواز دادگایی کرا.

کانونی نووسەرانی ئێران دوێنێ لە ڕاگەیاندراوێکی تایبەتدا وێڕای شەرمەزار کردنی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژێم بۆ سەر ئەندامەکانیان لە ئێران ڕایگەیاند،”فەرامەرز سێدەهی” شاعیر لە دادگای ئەهواز دادگایی کراوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی فەرامەرز سێدەهی لە لقی چواری دادگای شاری ئەهواز بە تاوانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بەڕیوە چوو.

تۆمەتی شێواندنی ڕای گشتی لە ڕێگای کتێب و شێعرەکانیەوە و بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خراوەتە پاڵ ئەو شاعیر و نوسەرە.

کانونی نووسەرانی ئێران، دادگاییکردنی “فەرامەرز سێدەهی” لە چوارچێوەی سیاسەتی سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕین و سانسۆر لە ئێران بە ناو دەکات.

لە ئیستادا پێنج ئەندامی کانونی نووسەرانی ئێران لەوانە، ڕەزا خەندان مەهابادی، ئارەش گەنجی، هالە سەفەرزادە، عەلی ڕەزا سەقەفی و کەیوان موهتەدی لە ئێران زیندانی کراون.

ئەو پێنج نووسەرە بە هۆی چالاکیی پێشەیی و تەنها لە بەر نووسین و بڵاو کردنەوەی کتێب زیندانی کراون.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌