کوردستان

زیندانی سیاسی کورد فیرووز مووسالوو لەسێدارەدرا

بەپێی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانی دوێنێ زیندانی سیاسی کورد فیرووز مووسالوو بەبێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەکەی و بە شێوەی نهێنی لە سێدارە دراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەمە ٢٩ی جۆزەردان بە کەلەبچە و پێبەندەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی گوازرابوویەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئاژانسی «فارس»ی سەربە سپای پاسداران چەند کاتژمێر دوای لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسیەی کورد ڕایگەیاند، «ئەم کەسە تەقەی لە هێزەکانی سەر سنوور کردووە و بە هۆیەوە ٣ چەکداری سەر سنوور کوژراون و ٣ی دیکەش بریندار بوون.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی لە لایەن لقی دووی دادگای ڕژێمی ئێران لە ئورمیە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ناوچەی قەتووری شاری خۆیی پارێزگای ئورمیە دوای چەند ساڵ ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) بە وەرگرتنی ئەماننامە لە سپای پاسداران لە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا خۆی ڕادەستی سپای شاری سەردەشت کردبوو.

لە حاڵێکدا کە پێشتر بەرپرسانی سپا بە بنەماڵەکەییان ڕاگەیاندبوو کە کوڕەکەیان دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکرێت، بەڵام یەکسەر گواستبوویانەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ئورمیە و خستبوویانە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٨دا دوای ٥ مانگ و ٢٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئورمیە، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌