کوردستان

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان داوای ئازادی ڕۆژنامەنووسانی باکوور دەکات

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیەندراوێکی تایبەتدا وێڕای شەرمەزارکردنی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە لایەن پۆلیسی تورکیا لە ئامەد، داوای ئازادکردنیان دەکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا کە لە سەر ماڵپەڕی فەرمی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان بڵاو کراوەتەوە هاتووە، پۆلیسی تورکیا تۆمەتی بێ بنەما دەخاتە پاڵ ڕۆژنامەنووسانی کورد و بە تۆمەتی پالپشتی تیرۆر لە ئامەد ٢١ ڕۆژنامەنووسی کورد دەستگیر کراون.

ئانتۆنی بلانگر، بەڕێوەبەری گشتی فیدراسیۆنەکە وێڕای شەرمەزارکردنی سیاسەتی سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا دەڵێت، کاربەدەستانی تورکیا بەردەوام میدیاکاران سەرکوت دەکەن و تاوانی تیرۆر دەخەنە پاڵ ڕۆژنامەنووسانی کورد و بە تۆمەتی ناڕەوا زیندانیان دەکەن.

ئانتۆنی بلانگر، نیگرانی فیدراسیۆنەکەی سەبارەت بە زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە تورکیا دەربڕی و داوای ئازادی کردنی دەستبەجێ ڕۆژنامەنووسە زیندانیکراوەکانی ئامەد دەکات.

ڕۆژی ٨ی ژۆئەن پۆلیسی تورکیا ٢١ ڕۆژنامەنووسی کوردی لە ئامەد دەستگیر کرد و دوای ٨ ڕۆژ مانەوەیان لە دادگای ئامەد سزای زیندانیکردن بە سەر ١٦ کەسیاندا سەپێندرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌