ئەمڕۆ فەرماندەیی گستیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەهیدبوونی فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە ئامانجگرتنی فەرهاد شبلی لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکیاوە کارێکی ترسنۆکانەیە، کە هەتا ئێستاش هێرشە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی تورکیا بە ئامانجی ڕاگرتنی تێکۆشانی گەلەکەمان بەردەوامە، ئێمە تێکۆشانی شەهید فەرهادمان بە تێکۆشان و فیداکارییەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناسی، تێکۆشەرێکی بەهێزبوو و بێ دوودڵیی کاری دەکرد.
ئەوەش هاتووە: بە ئامانجگرتنی فەرهاد شبلیی ڕەوایەتیی تێکۆشانی سیاسیی و سەربازیی و کۆمەڵایەتیی ئێمە نیشان دەدات، کە هێزەکانمان بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان ئەنجامی دەدەن.
قەسەدە سەرەخۆشیی لە خانەوادەی شەهید فەرهاد و هاوڕێیانی و گەلی کورد دەکات و دەڵێت: ڕەنجی شەهید فەرهاد دەبێتە سەرەتای هەڵمەتێکی نوێ لەسەر ڕێبازی ڕێکخستنکردنی سیاسیی و جەماوەریی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.