کوردستان

کەجەکە هێرشەکەی ڕژیمی تورکیا بۆسەر شەنگالی شەرمەزار کرد

کۆمیتەی پەیوەندەییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکەی ڕژیمی تورکیا بۆ سەر بینایەی مەجلیسی گەلی سنوونێ لە هەرێمی شەنگالی بە توندی شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها ڕەخنەی توند لە بێدەنگیی حکوومەتەکەی مستەفا کازمی لەبەرامبەر هێرشی لەمچەشنەی تورکیا گیراوە.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەجەکە ئاماژەی بە بریندار بوونی منداڵێکی ١٢ ساڵان لەو هێرشەدا کردووە و ڕایگەیاندووە: “حکوومەتی کازمی کە بەردەوام بانگەشەی ئارامیی شەنگال دەکات، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی ڕژیمی تورکیا بێدەنگە. ئەم بێدەنگییەش بە واتای ئەوەیە کە هێرشی لەمچەشنەی لا پەسەندە.”

کەجەکە دەستنیشانی کردووە کە ڕژیمی تورکیا لەبەر ئەوەی لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلا ئیرادەی تێکشکاوە و سەرباری هاوکارییەکانی پەدەکە نەیتوانیوە ئەنجامیک بەدەست بهێنێت، بەم شێوەیە خەڵکی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ڕژیمی تورکیا لە مەخموور، شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان خەڵکی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت. ئەردۆغانی فاشیست بەهۆی بێدەنگیی هێزە هەرێمییەکان دریژە بەو پەلامار و پاکتاوکاریانە دەدات.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەجەکە داوای لە خەڵکی باشوور و گەلانی عێراق کردووە دژی ئەو هێرشانەی ڕژیمی تورکیا هەڵوێست نیشان بدەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌