کوردستان

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر دژ بە هێرشەكانی توركیا

لە دوو ڕۆژی ڕابردودا، ئەنجومەنی گەلی سنونێ هەرێمی شەنگال بۆردومان کرا و شەهید و برینداری لێکەوتەوە. لە بارەی ئەو هێرشانەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو بۆردومانانەی تورکیای بە بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق زانیوە و سەرکۆنەی دەکات.

ئەمڕۆ، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پێگەی خۆی لە تویتەر، لە بارەی بۆردومانەکەی ئەنجومەنی گەلی سنونێ لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو هێرشانە گوزارشت لە پێشێلکارییەکی ئاشكرای سەروەری عێراق دەکەن و هەڕەشەیەکی ڕوونە بۆ سەر ئاسایش و هاوڵاتیان، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە هاوڵاتییەک شەهید بوو ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

دەشڵێت، هێرشەکان ئاسایشی عێراق و سەقامگیری خەڵکی کردۆتە ئامانج و پێویستمان بە هەڵوێستی یەکگرتووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو هێرشانە.

ئاشکرایشی کردوە لە سەر ئەو هێرشانە ڕێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر دوای تەواو بونی لێکۆڵینەوە پێویستەکان.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌