ژن

مەرجێکی نوێی کاکەباوە؛ دەنگدان بە بوودجە لە بەرامبەر نەفرۆشتنی چەک بە ڕژیمی تورکیا

ئامینە کاکەباوە پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی سوید جارێکی تر مەرجی بۆ حکوومەتی سوید داناوە. ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەمجارە دەنگدان بە تێپەڕاندنی بودجەی بە هەڵنەگرتنی قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە تورکیاوە بەستۆتەوە.

ئامینە کاکە‌باوە پەرلەمانتاری سەربەخۆی پەرلەمانی سوید هۆشداریی داوە کە ئەگەر حکوومەتی ئەو وڵاتە فرۆشتنی چەک بە تورکیا قەدەغە نەکات، دەنگ بە گەڵاڵەنامەی بوودجە نادات.

ڕێژەی کورسییەکانی حکوومەت و بەرهەڵستکارانی لە پەرلەمانی سوید یەکسانە، لەمڕووەوە ئەگەر هیچ یەک لە لایەنە بەرهەڵستکارەکان دەنگ بە بوودجە نەدەن، ئەوا دەنگی ئامینە کاکەباوە بۆ تێپەڕاندنی بوودجە چارەنووس‌ساز دەبێت.

بە گوێرەی ڕادیۆی سوید بڕیار بووە گەڵاڵەنامەی یاسا لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە. بەڵام بۆ کاتێکی تر دوا خراوە.

دیار نییە دواخستنی دەنگدانەکە بەهۆی ئەم هەڵوێستەی ئامینە کاکەباوە بووە یان هۆکارێکی تری لە پشت بووە.

ئەم هەڵوێستەی کاکەباوە لە کاتێکدایە کە یەکێ لە مەرجەکانی تورکیا بۆ قایل بوون بە ئەندامێتیی سوید لە ناتۆ ئەوەیە ستۆکهۆڵم قەدەغەی فرۆشتنی چەک لەسەر ئەنکەرە هەڵگرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌