ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

مانوڕی هاوبەشی دەریایی هێزەکانی ئەمریکا و ئیمارات لە کەنداو بەڕێوە دەچێت

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا ناسراو بە سەنتکام ڕاگەیاندوە، لە گەڵ هێزەکانی ئیمارات لە کەنداو مانوڕی سەربازی هاوبەش ئەنجام دەدەن.

سەنتکام لە سەر تۆیتەری فەرمی خۆی ڕایگەیاندووە، مانۆڕێکی سەربازی ١٠ ڕۆژەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و ئیمارات لە ژێر ناوی”قەڵغانی ئاسنی” لە کەنداو دەستیپێکردووە.

مانوڕەکە، ڕاهێنانتی هێزی دەریایی هاوبەشی ساڵانەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و ئیماراتە و بۆ پتەوکردنی بەرگری و ئاسایشی سنوورە ئاوییەکان بەڕێوە دەچێت.

براد کۆپەر، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین، ئیماراتی وەک هاوپەیمانی ستراتژیی ئەمریکا ناوبردووە و دەلێت، ئەم مانوڕە بۆ مسوگەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات دەبێت.

ئەم مانوڕە لە کاتێدا بەڕێوە دەچێت کە ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی وەک دوو وڵاتی هاوپەیمان بەردەوام لە گەڵ ئێران لە ململانێ دان و دانوستانە ئەتۆمییەکەی ئیران لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی گەیشتووەتە بنبەست.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌