ئێران

نامەی مامۆستایان و کرێکارانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار

مامۆستایان و کرێکارانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمپەینێکی واژۆکۆکردنەوەیان لەدژی گوشار و سەرکوتکارییەکانی ڕژیمی ئێران لەسەر چالاکوانانی سینفی دەست پێکردووە. واژۆکان لەگەڵ نامەیەکدا هەر لەو چوارچێوەدا ئاراستەی سەدودەیەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار دەکرێت.

کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی مەیەوە لە شاری ژێنێڤی سویسڕا دەستی پێکردووە و تا ڕۆژی ١١ی ژوەن بەردەوام دەبێت.

لەو نامەیەدا داوا لە بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوە ساڵانە کراوە سەرنجیان بخەنە سەر گوشار و سەرکوتکارییەکانی ڕژیمی ئێران لەدژی چالاکوانانی سینفی و سەندیکایی.

لە نامەکەدا هاتووە: “دەوڵەتی ئێران لەبری ئەوەی وڵامی ناڕەزایەتیی خەڵک و چین و توێژەکان لەدژی ناکارامەیی سیاسەتەکانی و زۆربوونی فەلاکەت و هەژاری بداتەوە، پەرەی بە گوشار و گرتن و سەرکوتکاری داوە. بە دیاریکراویش ئاماژە بە شەپۆلی زیندانیکردنی ئەم ڕۆژانەی دەیان ئەندامی کانوونە سینفییەکانی مامۆستایان و سەندیکا کرێکارییەکان کراوە.

لە نامەکە هەروەها باسی هەوڵەکانی ڕژیمی ئێران بۆ تۆمەتهەڵبەستن و پەروەندەسازی لەدژی چالاکوانانی کرێکاری و ئەندامانی سەندیکاکانی مامۆستایان کراوە و داوا لە کۆبوونەوەی ساڵانە کراوە، لەدژی سیاسەتێکی لەو چەشنە هەڵوێست نیشان بدەن.

لە نامەکەدا تەئکید کراوەتەوە کە دەبێ گوشار بخرێتە سەر ڕژیمی ئێران بۆ ئەوەی گیراوانی سینفی و سەندیکایی دەستبەجێ ئازاد بکات.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌