ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان: پێویستمان بە دانوستانی چڕوپڕتر هەیە لەگەڵ ئێران

وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی خولێکی نوێ دانوستانەکان بۆ ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیران دەربڕی و وتی، پێویستمان بە دانوستانی چڕوپڕتر هەیە.

دوێنێ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەروەی عەرەبستان، لە کۆربەندی ئابووری جیهانی باسی لە ئەنجامی دانوستانەکانەکانی نێوان ڕیاز و تاران بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرد و وتی، پێشکەوتن هەیە لە دانوستانەکانمان بەڵام بەس نیە.

بن فەرحان وتی، دەستمان بۆ ئێران درێژ کردوەتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان و بەردەوام وڵاتانی دراوسێ و ئێرانمان هانداوە بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی و گرینگ لە ناوچەکەمان.

وتیشی، پێویستە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە شێوەیەک چارەسەر بکرێت کە ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە مسۆگەر بکات.

پێنج خولی دانوستان لە نێوان کاربەدەستانی تاران و ڕیاز بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بە دەستپێشخەری حکومەتی عێراق لە بەغدا و مەسقەت بەڕێوەچووە.

بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا خولی شەشەمی دانوستانەکان لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵات بەڕێوەبچێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌