ژن

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا: قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان نایاساییە

ڕژیمی تورکیا زیاتر لە چواردە مانگە ڕێگەی نەداوە هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان لە ئیمراڵییەوە بگاتە دەرەوە. ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤان لە تورکیا، ئی.ها.دێ، دەڵێ قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان تەنانەت دژی یاساکانی تورکیاشە.

ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی ئی.ها.دێ ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیای وت: “قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان دژی قانوونەکانی تورکیایە. دژی حقووقی نێونەتەوەییە. ئەو پەیمانە نێودەوڵەتیانەش کە تورکیا واژۆی کردووە، دژی ئەو قەدەغەکارییەن.”

ئەرەن کەسکین ڕەخنەی لە بێهەڵوێستیی ڕێکخراوە حقووقییە نێودەوڵەتییەکان گرت و وتی: “ڕێکخراوە جیهانییەکان بێدەنگن. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان، نەک لە ڕوانگەیەکی حقووقییەوە، بەڵکوو لە ڕوانگەی سیاسییەوە ڕووبەڕووی ئەم مەسەلە دەبنەوە.”

هاوسەرۆکی ئی.ها.دێ دەستنیشانی کرد کە ڕژیمی تورکیا بە پاساوی بێبنەما سزای دیسپلین دەسەپێنێت و هەوڵ دەدات ڕێگریی لە چاوپێکەتن لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان بکات.

ئەرەن کەسکین وتی: “ناوەندی شەڕی تایبەتی ڕژیمی تورکیا نایەوێت دەنگی ئۆجالان بگاتە دەرەوە. بۆیە گۆشەگیری توندتر دەکات. قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنەکانی ڕێبەر ئۆجالان بڕیارێکی سیاسییە. پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە گۆشەگیری بهێندێت. پێویستە ڕێگە بە ئۆجالان بدرێت نێرینی خۆی بە ڕای گشتی بڵێت.”

ئه‌مانه‌ش ببینه‌