ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری مەجلیسی سووریای دێموکراتیک، مەسەدە، لە سمینارێکدا لە شاری سلێمانی باسی کاریگەریی شەڕ و قەیرانە جیهانییەکان لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها دۆخی هەنووکەیی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد.
ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران و چالاکوانان بەشداری سمینارەکە بوون.
ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە کاریگەریی شەڕ و قەیرانە جیهانییەکانی هەڵقوڵاوی سیستەمی سەرمایەداری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: “قەیرانەکان دەوڵەتانی ناوچەکەی لە دەوڵەتبوون خستووە. بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی ناوچەکە هەر بەناو دەوڵەتن. سووریا بە فیعلی بووەتە سێ بەش. ئەمە بۆ لوبنان، لیبیا، یەمەن و عێراقیش ڕاستە.”
سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری مەسەدە، بە ئاماژەدان بە گوشارەکانی ڕژیمی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، وتی: “تورکیا هەوڵ دەدات پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بوەستێندرێت. تەنانەت ئەمەی کردووەتە مەرج بۆ سوید و فینلەندا، کە داوای ئەندامێتیی ناتۆ دەکەن.”
سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری مەسەدە هاوکات تەئکیدیشی کردەوە کە گوشارەکان لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی نابێت.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا ئامادەبووان پرسیار و تێبینییەکانیان ئاراستەی ئیلهام ئەحمەد کرد و گفتوگۆ لەبارەی پرسیارەکانەوەکرا.