ئێران

کاراکردنەوەی بەرجام بەندە بە دەرهێنان یا مانەوەی سپای پاسداران لە لیستی تیرۆر

تێد کروز، سیناتۆری ئەمریکی لە بارەی دانوستانەکان بۆ کاراکردنەوەی بەرجام بە ڕاگەیاندنەکانی وتووە، هۆکاری بە بنبەست گەیشتنی دانوستانەکانی ڤیەننا فراوانخوازیی دەسەڵاتدرانی ئێرانە.

ئەو سیناتورە ڕخنە لە هەڵویستی دەوڵەتەکەی بایدن بۆ ڕیکەوتن لە گەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دەگرێت و دەلێت، بە داخەوە دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی دەیانەوێت مڵ بدەن بە هەموو داواکارییەکانی ئێران.

وتیشی، لابردنی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

تێد کرۆز پێداگری لە سەر هەوڵەکانیان بۆ مانەوەی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هەر دوو لایەنی کۆماریخواز و دیموکراتەکان لە سینا دەنگیان بە مانەوەی سپای پاسداران لە لیستی تیرۆر داوە.

دانوستانەکانی ڤیەننا لە نێوان ئیران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا بۆ کاراکردنەوەی بەرجام لە نەورۆزی ئەمساڵەوە ڕاگیراوە.

ئێران و ئەمریکا یەکتری بە فراوانخوازی و ئاستەنگ لە پێش سەرگرتنی ڕێکەوتن لە ڤیەننا تۆمەتبار دەکەن و دەستپێکردنەوەی بەندە بە دەرهێنان یا مانەوەی سپای پاسدارانی ئێران لە لیستی تیرۆر.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌