ئێران

وتەبێژی دەزگای دادی ئێران: سزاکەی ئەحمەد ڕەزا جەلالی جێبەجێ دەکرێت

زەبیحوڵڵا خودایان وتەبێژی دەزگای دادی ئێران لە سەر سزاکەی حەمید نووری هۆشداری دایە دەوڵەتی سوید و ڕایگەیاند، سزای لە سێدارەدانی ئەحمەد ڕەزا جەلالی گیراوای سیاسی جێبەجێ دەکرێت.

وتەبێژی دەزگای دادی ئێران، جارێکیتر هەڕەشەی وڵاتەکەی لە سوید بە هۆی دادگاییکردنی حەمید نووری دووپات کردەوە و وتی، ئێران سزاکەی حەمید نووری قبول ناکات.

وتیشی سزای لە سێدارەدانی ئەحمەد ڕەزا جەلالی پەسند کراوە و جێبەجێ کردنی حەتمیە و بڕیارەکەشی دراوە.

ڕۆژێک دوای بڕیاری دادگای سوید بۆ سەپاندنی سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بە سەر حەمید نووری یەێ لە تاوانبارانی کۆمەڵکوژکردنی گیراوانی سیاسی دەیەی شەستی هەتاوی لە ئێران، ڕاگەیاندنەکانی ئێران بڕیای جێبەجێ کردنی سزای لە سێدارە دانی ئەحمەد ڕەزا جەلالیان بڵاو کردەوە.

بە پێی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، لە کۆتایی مانگی گوڵان واتە کەمتر لە یەک هەفتەی دیکە، ئەحمەد ڕەزا جەلالی لە ئێران لە سێدارە دەردرێت.

ئەحمەد ڕەزا جەلالی پزیشکی ئێرانی-سویدی، شەش ساڵ پێش لە دوای سەردانیکردنی بۆ ئێران بە مەبەستی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی زانستی دەستگیر کرا.

ئێران دەلێت، ئەحمەد ڕەزا جەلالی زانیاری داوە بە ئیسرائیل و دەستی لە کوشتنی زانایانی ئەتۆمی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە هەیە.

ئەحمەد ڕەزا جەلالی تۆمەتەکانی ڕەت دەکاتەوە و دەلێت، لە بەر ئەوەی ئامادە نەبووە سیخوڕی بۆ ئێران بکات تۆمەتباریان کردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌