ئەنجومەنی پارێزەرانی ئەورووپی بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ، نامەیەکی تایبەتی بۆ کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشكەنجەی سەر بە یەکێتی ئەورووپا نارد و تێدا داوای ناردنی شاندی سی پی تی بۆ ئیمرالی دەکات.
لە نامەکەی ئەنجومەنی پارێزەرانی ئەورووپادا ئاماژە بە پێشێلکردنی مافی گیراوانی سیاسی لە گرتووخانەی ئیمرالی و دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کراوە و هاتووە، گۆشەگیری لە ئیمرالی نایاسییە و ساڵانێکە بەردەوامە.
تۆماس شمیدت، بریکاری گشتی ئەنجوومەنی پارێزەرانی ئەورووپی بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە وتوێژێکدا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، سەبارەت بە نامەکەیان قسەی کرد و وتی: لە ئیمرالی مافی مرۆڤ پێشێل کراوە.ئەوان بە دواداچوونیان بۆ دۆخی گیراوانی سیاسی لە ئیمرالی کردووە.
شمیدت بە پیویستی دەزانێت لەو بارەیەوە ناوەندە پەیوەندییدارەکانی جیهانی هەڵوێستیان هەبێت و دەلێت، گۆشەگیری لە ئیمرالی پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەیەکان و خاڵەکەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤە.
ئەو پارێزەرە ئەوروپییە وتی، لە نامەکەیاندا داوای کاردانەوەیان لە سی پی تی کردووە کە دەبێت شاندێک بنێرێتە ئیمرالی و ڕاپۆرتێک تایبەت بە دۆخی ئیمرالی بڵاو بکاتەوە.
زیاتر لە سالێکە هیچ زانیاریەک لە سەر دۆخی تەندرۆستی ڕێبەر ئۆجالان و سێ گیراوی دیکەی سیاسی دۆزی پەکەکە لە ئیمرالی نازانرێت.