ئێران

سوید داوای ئازادکردنی ئەحمەد ڕەزا جەلالی لە ئێران دەکات

بڕیاری ئێران بۆ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ئەحمەد ڕەزا جەلالی، سویدی هێنایە سەر خەت.

دوێنی ماڵپەری ئیسنای ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند, سزای لە سێدارە دانی ئەحمەد ڕەزا جەلالی لە دادگای باڵا پەسەند کراوە و تا کۆتایی مانگی گوڵان واتە دوو هەفتەی دیکە جێبەجێ دەکرێت.

لەو باریەوە ئان لیندە، وەزیری دەرەوەی سوید بە تەلەفۆن لە گەڵ حسێن ئەمیر عەبدولاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران قسەی کرد و وێڕای دەربڕێنی ناڕەزایەتی خۆی داوای کرد ئەحمەد ڕەزا جەلالی، پزیشک و هاوڵاتی سویدی/ئێران ئازاد بکەن.

لای خۆیەوە حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، دادگایی کردنی حەمید نووری بە نایاسایی ناوبرد و داوای ئازادی ناوبراوی کردوە.

ئەم ڕاپۆرتە چەند کاتژمێر دوای دواین دانیشتنی دادگایی کردنی حەمید نووری لە ستۆکهۆڵم بڵاو کرایەوە.

دادگای سوید بە تاوانی بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژی گیراوانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە ئێران داوای سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووری کردووە.

ئەحمەد ڕەزا جەلالی پزیشکی ئێرانی دانیشتوی سوید، مانگی گوڵانی ١٣٩٥ی هەتاوی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک سەردانی تارانی کرد و و دەستگیر کرا.

ئێران بە تۆمەتی گوایە زانیاری کۆکردنەوە بۆ ئیسرائیل سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌