کوردستان

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان گوشارەکان بۆ سەر مامۆستایان شەرمەزار دەکەن

ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە شاری مەریوان لە میانەی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشەوە، وێڕای شەرمەزارکردنی گوشار بۆ سەر مامۆستایان داوای ئازادی بۆ مامۆستایانی زیندانیکراو دەکەن.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریواندا ئاماژە بەوەکراوە کە سەرەڕای ناڕەزایەتی سەرتاسەری مامۆستایان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، هیشتا داواکارییەکانیان بێ وڵام ماوەتەوە.

لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا مامۆستایان و خانەنشینانی مەریوان و سەوڵاوا، لە گەڵ مامۆستایان لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون لە تێکۆشان و ناڕەزایەتی بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان.

لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە، لە دوای بانگەوازی ئەنجومەنی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستا و یەکی مەی، مامۆستایانی هێژای مەریوان و سەوڵاوا بە دەم بانگەوازییەکەوە هاتن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەریان و ڕێگری لە گردبوونەوەی مامۆستایان کرا و نەیانهێشت داوای مافەکانی خۆیان بکەن.

ڕیکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، هەڵسوکەوتی دووڕوویانەی ناوەندە پەیوەندییدارەکان لە گەڵ مامۆستایان و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەرمامۆستایان شەرمەزا دەکەن و داوای ئازاد کردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی مامۆستا دەستگیرکراوەکان دەکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌