ئێران

ڕاگەیەندراوی دەوڵەت بۆ زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی کەرتی تەندروستی بەدرۆخرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی دابینکردنی کۆمەڵایەتی( تامین اجتماعی)، ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێرانی لە سەر زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی کەرتی تەندورستی بەدرۆ دەخاتەوە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوودا ئەنجومەنی وەزیران لە دوای دانیشتنێکی بە سەرپەرەشتی ئیبراهیم ڕەیئسی سەرۆک کۆماری ئێران، زیادکردنی ١٠ لە سەدی بۆ موچەی خەنشینان و مووچەخۆرانی کەرەتە جیاجیاکانی لە ئێران ڕاگەیاند.

دوێنی و تەنیا ڕۆژێک دوای ئەو ڕاگەیاندنەی ئەنجومەنی وەزیران، بەرێوەبەرایەتی تەئمین ئیجتماعی ئەو راگەیاندنەی دەوڵەتی بە درۆ خستەوە و ڕایگەیاند، مووچەی خانەنشینان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی زیاد نەکراوە.

پیشنیاری زیادکردنی لە سەدا ١٠ بۆ مووچەی خانەنشینان و مووچەخۆران لە ئەنجومەنی وەزیراندا تاوتوێ کراوە و بۆ جێبەجێکردنی پێویستە پەرلەمان پەسەندی بکات.

ئەم بێ سەروبەری و بێ پلانیەی دەوڵەتەکەی ڕەئیسی سەبارەت بە دۆخی خانەنشینان لە کاتێکدایە، چەند ساڵێکە گەڵاڵەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنیشنان دراوە بە پەرلەمانی ئێران و هیشتا پەسەند نەکراوە.

لە ماوەکانی ڕابردوودا دەیان جار خانەنشینان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوەی ناڕەزایەتی سەرتاسەریان ڕێکخستووە و داوای زیادکردنی مووچەکانیان و پەسەندکردنی گەڵاڵەی هاوتاکردنی مووچەکانیان دەکەن و تا ئیستا داواکارییەکانیان بێ وڵام ماوەتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌